زاری كرمانجی – سۆران :
وا بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی 12ـی 2025، لە ڕێوڕەسمێكدا باڵەخانەی نوێی كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا (كە بە گەورەترین كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان) لە هەولێر دەكرێتەوە.
بە فەرمی باڵەخانە نوێیەكە، لە لایەن مایكڵ ڕیگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەكان، دەكرێتەوە.
بەردی بناغەی پرۆژەكە لە لە 6ی تەممووزی 2018 دانراوە و تێچووەكەی زیاتر لە 795 ملیۆن دۆلار بووە و لەسەر ڕووبەری 51 فەدان (206 هەزار مەتر دووجا) دروستكراوە.
كۆمەڵگەی كونسوڵخانەكە تەنیا باڵەخانەیەكی ئیداری نییە، بەڵكوو وەك شارۆچكەیەكی بچووك دیزاین كراوە و نووسینگەی سەرەكی، شوێنی نیشتەجێبوونی كارمەندان، شوێنی مانەوەی تیمە ئەمنییەكان و سەردانیكاران، فرۆشگا و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەخۆدەگرێت، هاوكات ڕووبەرێكی فراوانیشی بۆ سەوزایی تەرخان كراوە.
لە ڕووی تەكنیكی و ژینگەیەوە، باڵەخانەكە بە شێوازێكی مۆدێرن و دۆستی ژینگە دروستكراوە. سیستەمێكی پێشكەوتووی ڕیسایكلینی ئاوی تێدایە و 15%ی پێداویستی كارەباكەی لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە دابین دەكرێت، ئەمەش بە ئامانجی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكان لەسەر ژینگە.
ئەم باڵەخانە نوێیە توانای لەخۆگرتنی 1000 كەسی هەیە و كردنەوەی گەورەترین كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر، بە نیشانەی گرنگیدانی ئیدارەی ئەمەریكا بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق لێك دەدرێتەوە.


































































