نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق لە كۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی رایگەیاند “پێویستە ئەوانەی هێرشیان كردە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەستگیر بكرێن و رووبەڕووی یاسا و دادگە بكرێنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە نیۆیۆڕكی لە ئەمریكا، كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا محەمەد حەسان نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئێستای عێراق و هێرشەكان بۆ سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و چەند بابەتێكی پەیوەندار بەو وڵاتە.
محەمەد حەسان لەبارەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ رایگەیاند: لە ناخەوە نیگەرانم لەبارەی ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر دامەزراوە و ژێرخانی ئابووری لە عێراقدا، بەتایبەت ئەو هێرشەی كرایە سەر دامەزراوەی وزە و غاز لە هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاند: پێوستە ئەم هێرشانە بووەستێنرێت، ئەوانەشی بەرپرسیارن لە هێرشەكە دەبێت رووبەڕووی یاسا و دادگا بكرێنەوە.
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق هەروەها رایگەیاند: هێشتا زیاتر لە یەك ملیۆن عێراقی ئاوارەن و لە كەمپەكان ژیان دەكەن، بەهۆی چەندین كێشە و ئالەنگاری كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەمنی گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە وەستاوە.
گوتیشی: لە دوای 11 ساڵ، هێشتا زیاتر لە 100 هەزار ئاوارەی ئێزیدی لە كەمپەكان دەژین و لە دۆخێكی خراپدا ژیان دەكەن، لێرەوە داوا دەكەم پلانێكی گشتگیر دابنرێت بۆ ئەوەی پرسی ئاوارەكان چارەسەر بكرێت.
محەمەد حەسان لەبارەی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، ئاماژەی بەوە دا: ئومێدەوارین لە ئاییندەیەكی نزیكدا هەردوو حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و عێراق پێكبهێنرێت، چونكە پێكهێنانی هەردوو حكوومەتەكە بەمانای بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دێت.
داواشی كرد كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەند بە پشتبەستن بە دەستوور و دیالۆگ بێنە چارەسەركردن و كۆتاییان پێ بهێنرێت.
































































