مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوێكی ئیسرائیلی، زیاتر لە 600 گوێدرێژی غەززەی بە فڕۆكە گواستووەتەوە بۆ هەر یەك لە وڵاتانی فەرەنسا، بەلجیكا و ئەڵمانیا، ئەمەش مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و چالاكوانان و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دەڵێن “لە كاتێكدا دانیشتووانی غەززە گەمارۆدراون و دەناڵێنن بە دەست برسییەتی و نەبوونی شوێنی مانەوە، ئیسرائیل خەریكی گواستنەوەی گوێدرێژە،”
بە پێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان ڕێكخراوێكی ئیسرائیلی بە ناوی (Zuflucht zum Neuanfang) كە بە واتای ” پەناگەی دەستپێكی نوێ” دێت، لە سەرەتای جەنگەوە نزیكەی 600 گوێدرێژیان لە كەرتی غەززە ڕزگار كردووە و بە فڕۆكە گوازراوانەتەوە بۆ چەند وڵاتێكی ئەورووپی.
بەرپرسانی ڕێكخراوەكە شانازی بەوەوە دەكەن كە لەم گواستنەوەیەدا نزیكەی 600 گوێدرێژی”سەرگەردان یان بریندار”یان لە ناوچەی جەنگی غەززە ڕزگار كردووە .
كەناڵی كان ی ئیسرائیلی لەمبارەوە بڵاوی كردەوە سوپای ئیسرائیل لە كاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكاندا سەدان كەریان لە ناوچە جیاجیاكانی كەرتی غەززە كۆ كردووەتەوە و گواستوویانەتەوە بۆ كێڵگەیەك كە كۆمەڵەیەكی ئیسرائیلی بەڕێوەی دەبات. لەوێشەوە گوازراوانەتەوە بۆ پەناگەی ئاژەڵان لە فەرەنسا، بەلجیكا و ئەڵمانیا .
هاوكات میدیاكانی ئەڵمانیا بڵاویان كردەوە، ئەو گوێدرێژانەی لە غەززەوە هاتوونەتە فڕۆكەخانەی لیێج لە بەلجیكا، پێش ئەوەی بەسەر دامەزراوەكانی چاودێری ئاژەڵدا دابەش بكرێن. بەپێی پێگەی هەواڵی ئەڵمانی ND، ئەو گوێدرێژانە لەلایەن كۆمپانیای Tiergarten Oppenheim لە شاری ڕاینلاند-پالاتینات وەرگیراون و گوازراوانەتەوە بۆ كێڵگەیەك بەناوی Ballermann Ranch لە گوندی Blokwinkel لە ویلایەتی ساكسۆنی خواروو.































































