سیاسەتمەدارێکی عێراقی دەڵێت، لە پەرلەمانە دیموکراتی و سەربەخۆکانی جیهاندا هەر لایەنێک زۆرترین کورسی بەدەست بهێنێت، دەتوانیت حکوومەت پێکبهێنێت، بەڵام لە عێراق بە بێ ڕێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکان هیچ حکوومەتێک پێکناهێنرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، میسال ئالوسی، سیاسەتمەداری عێراق ڕایگەیاند، لە عێراق هیچ حکوومەتێک بەبێ ڕێککەوتنی سیاسی دروست نابێت، بۆیە پێكهێنانی حکوومەت پێویستی بە زۆرینە هەیە، هەروەها پێوسیتە پرۆگرام و کارنامەیەکی باشی کارکردن هەبێت و حکوومەتیش جێبەجێی بکات، دەشڵێت: لە ڕابردوودا عێراق لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت شکستی هێناوە، بۆیە ئێستا پێویستە حکومەتێک دروست بکرێت سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بکات و لە هەموو جومگەکانی حکوومڕانی کارا و چالاک بێت.
میسال ئالوسی باسی لەوەشکرد، عێراق لە ناوەڕاستی گۆڕانکارییەکان و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدایە، ئێران و سووریا و وڵاتانی دیکەی دراوسێ کێشەیان هەیە، ئەمانە هەموویان تاڕادەیەک کاریگەرییان لەسەر حکوومەتی داهاتووی عێراق دەبێت، بەڵام دەبێت لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەو ڕاستییە بزانن کە وڵاتانی دیکە نایانەوێت عیراق سەقامگیر بێت و خاوەنی سەروەری خۆی بێت.
لە بارەی هێرشە مووشەکیەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ئالوسی گوتی، “ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر وزەی هەرێمی کوردستان، جۆرێکە لە کردەوەی تیرۆریستی و دەستوەردان لە کاری هەرێمایەتی، هەروەها ئەمانە ڕەفتاری هەرزەکارانەن بۆ سەپاندنی سیاسەتێکی دیاریکراو بەسەر هەرێمی کوردستان، ئەمە دەمێکە شکستی هێناوە.
سەبارەت بە ئاشکرانەکردن و سزانەدانی ئەو گرووپ و میلیشیایانەی کە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، لە لایەن عیراقەوە، ڕایگەیاند، پێویست ناکات حکوومەتی عێراق لیژنە پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی هێرشەکان ئەنجام دەدەن، چونکە هەموو لایەک بە باشی دەزانن ئەو کردەوانە لە لایەن چەند گرووپێکی دیاریکراوەوە ئەنجام دەدرێن، پێویستە ئەوانە سزای یاسایی بدرێن و چیتر ڕێگە نەدرێت ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان تێک بدەن.
































































