سیروان مینە خان
هێرشە موشەكییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر تەنها كاریگەری لەسەر ئاسایشی وزەیی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو دەركەوتە و كاریگەرییەكانی ئەم هێرشە بە ئاسایشی كۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمی كوردستانەوە گرێدراوە. لە بارودۆخی ئێستادا، ئەم هێرشە پەیوەندی راستەوخۆی بە چەندین هۆكاری ستراتیژیەوە هەیە، لەوانە پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، هاتنی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كردنەوەی گەورەترین بالیۆزخانەی واشنتۆن لە كوردستان، وەك هەروەها مەترسیە ئاسایشییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە پەیوەستن بە سەرچاوە وزەییەكانی هەرێمی كوردستان.
لە كاتێكدا پرسی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لە ئارادایە، كۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات كۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەم پڕۆسەیەدا بپارێزێت و ژینگەی سیاسی بە شێوەیەك بەڕێوە ببات كە لەگەڵ بەرژەوەندیەكانی تاران بگونجێت. ئەم هێرشە موشەكییە دەكرێت وەك ئامرازێكی فشار بۆ سەر لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ببینرێت، تا دەسەڵاتی تاران لە دیاریكردنی ڕێكخستنە سیاسییەكانی داهاتووی بەغدا بسەلمێنێت. تاران دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە پەیامێك بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بنێرێت كە ڕوونی دەكاتەوە هەوڵدان بۆ پێكهێنانی حكومەتێك لە دەرەوەی خواست و بەرژەوەندیەكانی ئێران قبووڵ نییە، وە توانای ئەوەی هەیە كە هەر كات بیەوێت ئامانجەكانی خۆی بپێكێت.
ئەنجامدانی ئەم هێرشانە لە ڕێگەی لایەنە پرۆكسیەكانی ئێران، بە تایبەتی حەشدی شەعبی دەبێت، كە وەك دەوڵەتێكی قووڵ لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی عێراق كاردەكات. ئەم ڕێكخراوە چەكدارە، كە لە ڕووی یاساییەوە بەشێكە لە دامەزراوە ئەمنییەكانی عێراق، لە ڕاستیدا وەك دەستی درێژكراوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران مامەڵە دەكات. ئەوەی نیگەرانی زیاتر دروست دەكات، ناتوانایی حكومەتی فیدراڵی عێراقە لە لێپرسینەوەی ئەم هێزانە، چونكە لە واقیعدا وەك دەوڵەتێكی قووڵ كاردەكەن و لە دەرەوەی چوارچێوەی سەروەریی دەوڵەت جوڵە دەدەن. ئەم هێزە دەرفەتی ئەوە بۆ تاران دەستەبەر دەكات كە بەبێ بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆ، ئامانجە ستراتیژییەكانی خۆی لە عێراق و كوردستان جێبەجێ بكات.
لە لایەكی دیكەوە، تاران پێی وایە سەرچاوەكانی وزەیی كوردستان، تەنانەت ئەگەر لە بەردەستی حكومەتی فیدراڵی عێراقیشدا بن، حكومەتی هەرێمی كوردستان خاوەندارێتیان دەكات و دەبنە مەترسییەك بۆ سەر ئاسایشی وزەیی ئێران. كۆماری ئیسلامی ڕێگە نادات كە ئەم سەرچاوانە ببنە جێگرەوەی سەرچاوە وزەییەكانی ئێران، بە تایبەتی لەو كاتەدا كە بەپێی بەرنامەی دیاریكراو، كۆتایی ئەم ساڵە هاوردەكردنی گازی ئێران بۆ عێراق دەوەستێنرێت. ئەم نیگەرانییە وزەییە، لەگەڵ هۆكارە سیاسی و ئەمنییەكانی تر، وادەكات تاران بەردەوام لە ڕێگەی لایەنە پرۆكسیەكانیەوە فشار بخاتە سەر هەرێمی كوردستان.
لە ڕووی ئاسایشی سیاسیەوە، گەڕانەوە بۆ لێدوانە فەرمییەكانی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ هەڕەشەكردن لە وەستاندنی فرۆشتن و بەكارخستنی گاز، لێكترازانی سیاسی دروست دەكات و گرفتی زیاتر لە بەردەم پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەنانەت حكومەتی فیدراڵی عێراقیشدا دەخاتەڕوو. ئەم بارودۆخە ناسەقامگیرە، ئاڵۆزی زیاتر بۆ ژینگەی سیاسی عێراق زیاد دەكات و دەرفەتی بەرینتر بۆ دەستێوەردانی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆیی وڵات دروست دەكات.
































































