پڕۆفیسۆری یاریدەدەر: دكتۆر دلاوەر جەوهەر – مامۆستای زانكۆی سۆران
چوونی جەنابیان لە باشورەوە بۆ باكور، وە بەشداربوونیان وەك گەورەی كوردان لە سیمپۆزیەمی چوارەمی مەلای جەزیری، هۆنراوەیەك پێشكەش ناكات ئەگەر مەبەستدار نەبێت، وە ئەوەی من كردوومە تێگەیشتنی خۆمە كە پێم وایە مافی تەواوم نەداوە.
سەرۆك بارزانی:
دەست هەڵناگرین ژ تەڵەب
گەر مە د رێ چیت سەرو تشت
پشت نادەین ٢ هەزار خەنجەر و
تیرو رم و خشت
مە سەرێ دانیە رێ و
ب خودێ بەستیە پشت
دەست هەڵناگرین ژ تەڵەب،
ووشەی (تەڵەب) لەم سیاقە بە واتای داواكاری مافی میللەتی كورد دێت، كە هەم ئاماژەیە بۆ مافێكی مێژوویی، وە مافێكی نەتەوەیی، وە داواكاریێكی سیاسیشە.
دەستەواژەی (دەست هەڵنەگرتن) وەك (لن) ی زمانی عەرەبی تێدابیت وایە، كە نەفی موستەقبەل دەكات، واتە مەجالێك بوونی نییە بۆ پاشگەزبوونەوەو ساردی كردن لێی.
گەر مە د رێ چیت سەرو تشت
ئەم عجزی هۆنراوەیە بە (مەرج) دەستی پێكردووە، واتە هەرچی قوڕساییە بەرگەی دەگرین بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتی نەتەوەیی، وە ئەم مەرج دانانە لە قائیدی خاوەن هۆش و بوێر و بە ئەزموونەوە نەبیت سەرچاوە ناگرێت، پاشان ووشەی (ڕێ) دەلیلە بۆ ئەو خەباتە مێژووییەی كە میللەتی كورد بینیویەتی، ئینجا بەكارهێنانی ووشەی (سەر) دەلیلی قوربانیدانی موتڵەقە، چونكە كە سەر نەبوو ژیان نامینێت، وە (سەر) خراوەتە پێش (تشت) واتە ئەگەر سەرێكی سەربەرزانەو شكۆمەندانە نەبوو، با هەموو شت هەبێت كەڵكی چییە؟ ئەی ئەگەر سەر نەما ، با هەرچی شتیشە نەمێنێت، بۆیە دەبینین ووشەی (تشت) كە گوزارشت لە شتەكانی دیكە دەكات بە عام ، خراوەتە كۆتاییەكەی و رۆڵی هامشی پێدراوە.
پشتێ نادەین ٢ هەزار خەنجەر و
تیرو رم و خشت
لەم صدری بەیتە پێش باسكردنی هێزی بەرامبەر، پەیامێك بە بەرامبەر دراوە، ئەویش چەقین لەمەیدانی خەبات و رانەكردن؛ چونكە نەریتی جەیشەكان وابووە راكردنیش لە پلانیان بووە، بەڵام میللەتی كورد راكردن وەك بەدیلی دووەمی جەنگان نابینێت، بەڵكو حەریسە لەسەر مانەوەو پێداگری لەسەر مافەكانی.
ووشەی (٢ هەزار) مەبەستەكە لێی خوودی ژمارەكە نییە، بەڵكو ئاماژەیە بۆ رێژەی زۆری دوژمن هەرچەندێك بێت، وە ئەمە لە نەسسە مێژوویەكانیش تەنانەت لە قورئانی پیرۆزیش باسكراوەو هاتووە،
ووشەكانی (خەنجەر) و (تیر) و (رم) و (خشت) بە نزیكترینەوە لەڕووی دروستكردنەوە دەستی پێكردووە بۆ دوورترین، واتە خشت وەك كۆنترین و خەنجەریش وەك نوێترین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بە دووژمن بڵێت ئێوە هەرچی چەكی نوێ و كۆنتان هەبێت، بەڵام دواجار ئیڕادەی میللەتی ئێمە ئەمانەی بەلاوە گرنگ نییە؛ چونكە بڕیاری داوە شكۆمەندانە بژی و شكۆمەندانەش بمری.
مە سەرێ دانیە رێ
ب خودێ بەستیە پشت
ئەم عجزی بەیتە دیسان گەڕانەوەیە بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەی ووشەی (رێ) ، واتە ئەوڕێیەی كە دەمێكە میللەتی كوردی خاوەن عیززەت لەسەریەتی و قوربانی بۆداوە، وە ئەوسەرەی كە دەلیلی تەزحیەی موتڵەقە، ئێمە ئەو سەرەمان لەو رێیە داناوەو، ئامادەی هەموو گیان فیداییەكین.
رێبازی بارزان، وەك رێبازێك بۆ خزمەتكردنی كورد و كوردستان، بنەماكانی بریتی بوون لە (خواناسی) و (خوداپەرستی) و (نیشتیمانپەروەری) و (مرۆڤ دۆستی)، ئەوەتا ئێستاش جەنابی سەرۆك بارزانی تەوەكولی خۆیی و میللەتی كوردی كردۆتە سەر خوا، وەك ئەوەی بڵێ (ومن يتوكل على الله فهو حسبه) ، سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە هەردوو رەهەندە ئایینی و نیشتیمانییە گرێدراو بەیەكەوە باسكردەوە كە هەردووكیان هێزی رۆحی دەبەخشن بە میللەت.































































