زیاتر لە 200 هەزار مووچەخۆر هۆشداریان پێ دەدرێت، بۆ ئەوەی بەزووترین کات و لە ماوەی 30 رۆژی داهاتوودا خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار بکەن ئەگەر نا مووچەیان رادەگیرێت.
تیمی هەژماری من رایگەیاند :” تاوەکو ئێستا نزیکەی ملیۆنێک مووچەخۆر تۆمارکراون، دەتوانین بڵێین سەرجەم مووچەخۆرانی مەدەنی خۆیان لە هەژماری من تۆمارکردووە و مامەڵەكانیان تەواوبووە، بەڵام 200 هەزاریان ماون تا ئێستا خۆیان لە پرۆژەکە تۆمار نەکردووە.
هەژماری من دەشڵێت، ئەوانەی تا ئێستا فۆرمی ‘هەژماری من’ـیان پڕنەكردووەتەوە، پێویستە لەنزیكترین كاتدا لەماوەی 30 رۆژ سەردانی یەكێك لە بانکە حكومییەكان بكەن، لەگەل خۆشیان ئەم شتانە ببەن:
٠ کۆپی ڕەنگاوڕەنگی كارتی نیشتمانی
٠ كارتی زانیاری
٠ ناسنامەی خانەنشینی
٠ ناسنامەی كەسوكاری شەهیدان
٠ ناسنامەی سوومەندبووانی كۆمەڵایەتی
٠ وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگی مامەڵە، لەگەڵ پاسپۆرت ئەگەر هەبێت.
































































