پشتیوان كەریم- زاری كرمانجی:
كچان بە لەبەركردنی جلی بووكێنی دەیانەوێت وەك فریشتەكان دەربكەون، سەرەتای دەستپێكردنی ژیانێكی نوێشیان بە پۆشینی جلی سپییەوە بێت، چونكە جگە لە جوانی، هێمایەكیشە بۆ خۆشبەختی و ئاشتی و ئاسوودەیی.
لە بەدواداچوونێكی زاری كرمانجیدا، خواست لەسەر جلی بووكێنی لەم وەرزە سست بووە، سەرپەرشتیاری فرۆشگای گۆڵد مۆدە لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە ئێستادا خواست لەسەر جلی بووكێنی سستە.”
ڕێكەوت عەبدولڕەزاق سەرپەرشتیاری فرۆشگای گۆڵد مۆدە ئەوەش دەڵێت:” نرخی جلی بووكێنی (بەدلە) لە نێوان 150 هەزار دینار بۆ 300 دۆلار دەبێت، هەروەها بۆ ئاهەنگی بووك گواستنەوەش تەنیا جلی سپی خواستی لەسەرە، بەڵام بۆ مارەیی و دەستنیشانكردن، زیاتر خواست لەسەر بەدلەی مۆر و پەمەیی و ڕەساسی خواستیان زیاتر لەسەرە.”
رێكەوت ئەوەش دەڵێ:” زیاتر لە وەرزەكانی بەهار و هاوینان، خواست لەسەر جلی بووكێنییە، بەڵام لە وەرزی زستان ڕۆژانە یەك بۆ دوو جلی بووكێنی داواكاری لەسەرە.”
مێژووی لەبەركردنی جلی بووكێنی ڕەنگی سپی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1559 كاتێك ماری شاژنی سكۆتلەندا، هاوسەرگیری لەگەڵ پاشای فەرەنسادا كرد، بەدلەی ڕەنگی سپی لەبەر كرد، ئەمەش دەنگدانەوەیەكی زۆری لە ناو خەڵكیدا پەیداكرد، چونكە پێشتر تەنیا لە بۆنە ئایینەكاندا بەكاریان دەهێنا، بەڵام دواتر بوو بە نەریت و لە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان بەكار دەهێندرێت.
تا ئێستا چەندین دیزاینەر هەوڵیان داوە ڕەنگی دیكەی تێكەڵ بكەن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.”