رێبوار حەمەلاو شوانی
ئەم خۆشەویستی و پەیوەندییە ڕۆحی و نەتەوەییەی سەرۆك بارزانی مێژووییەكی دێرین و پڕشانازی و ڕیشەییەكی قوڵی هەیە واتە هیچ سنوورێكی دەستكرد نەیتوانی و ناتوانێ كوردستان و بارزانی لەیەكتر جیا بكاتەوە ؛ بەشێكی خاكی كوردستان كە شوێنی دەیان تێكۆشەر و خەباتگێر و شۆڕش و ڕاپەرینە لە پێناو ئازادی و ڕەتكردنەوەی بن دەستی و ستەمكاری، لە نێو باوەشی ئەو خاكە دا كەسایەتی و ئەڤینداری وەك مەلای جزیرێ و مەم و زینی پەروەردە كردووە، كە شانازی گەورەی نەتەوەیی كوردن، سەردان و بەشداریكردنی سەرۆك مسعود بارزانی لە دیداری نێودەوڵەتی مەلای جزیرێ لە هەڵومەرجێكی وەك ئێستا لە دوای كۆڕبەندی مێپس و دیداری بارزانی لەگەڵ هێزولایەنە كوردییەكان لە رۆژئاوای كوردستان و پشتیوانی بەڕێزیان لە پرۆسەی ئاشتی و یەكریزی و تەبایی نێوماڵی كوردستان و پەیامی ئاشتی لەسەر ئاستی كوردستان ئاماژەیە پەرۆشی و ڕابەرایەتییەكی فیداكار لە پێناو دۆزی نەتەوەكەی بەڕێگەی ئاشتی و دیپلۆماسی دوای سەد ساڵ لە لێكترازان و دابەشكاری لە نێو نەخشە و سنوورە دەستكردەكانە دا،
مێژوو گەواهیدەرە سەرۆك بارزانی لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2013 وە، هەموو تواناكانی لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی بووە لە نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا ، هەرچەندە ئەو پرۆسەیە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و كێشە بووە، بەڵام هەمیشە بارزانی هەوڵەكانی بۆ ئاشتی بەردەوام بوو ، بەتایبەتی كاتێك سەرۆك بارزانی سەردانی ئامەدی كرد و كەشێكی ئاشتیانە بۆ گەلی كورد لە باكووری كوردستان هاتە ئاراوە ، بەڵام شەڕی جەزیرێ و شاری شەرناخ و لێدانی خەندەق و كوژرانی دەیان سەرباز لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەكەكە ، رەوشێكی ناڵەباری لەو شارە كوردستانییەی باكووری كوردستان هێنایە كایەوە ، بەڵام وێرای هەموو ئەو كارەساتانەی كە سەر جزیرێ و ئەو خەڵكە تێكۆشەرە هاتووە ، سەردانی سەرۆك بارزانی بە پەیامی ئاشتی ویەكترقبووڵ كردن ،جارێكی تر ئاشتی و خۆشەویستی كوردو نەتەوەكانی دیكەی گەڕاندنەوە ، واتە پەیامی بارزانی ،پەیامی نەتەوەیی كورد بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان و ئەوەش گەورەترین شانازییە.
بەدڵنییاییەوە، لە پاش سەردانە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ جزیرێ بۆتان، ئەو رەوشە نوێیەی لە ناوچەكە و بەتایبەت ئەو دەرفەتەی بۆ نەتەوەیی كورد لە سەر ئاستی هەر چوار بەشەی كوردستان هاتووتە ئاراوە ، ئیتر كاتی ئەوەیە ، خزمەتگوزاری و پێشكەوتن بۆ ئەم شارە بێتەئاراوە و دەبێت پێكەوەژیان و ئاشتی بكرێت ئامانجی ستراتیژی و لاپەرەیەكی نوێی بۆ بەكەوە كاركردن و ژیان و متمانە هەڵبدرێتەوە ؛ پەیامە مێژووییەكەی سەرۆك مسعود بارزانی لە دیداری شاعیر نەتەوەیی كورد مەلای جەزیرێ ، لای هەموو كوردێكی نیشتیمانپەوەری و كوردپەوەر مێژوویی و پر واتا بوو ، چونكە سەرۆك بارزانی ، جگە لەوەی ڕابەرێكی مێژوو و كەسایەتییەكی كاریگەر و بەهێزی كوردوكوردستان و عێراق و ناوچەكە و نێودەوڵەتییە ، خاوەن پێگە و سەنگی خۆیەتی و چاوی هەموو ڕابەر و سەركردە و سیاسەییەكانی ناوچەكە و دونیا لەسەرە ، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆزی كورد و چەسپاندنی ئاشتی و كردنەوەی دەرگە داخراوەكان و تێكشكاندنی تێلێسمی لێكترازان هێزولایەنە كوردی و توركەكان بۆ ئەوەی بە لۆژیك و ئاشتی كۆتایی بەڕق و شەڕ بێنن.
سەرۆك بارزانی ، وەك رابەر و خەمخۆر و پەرۆشی نەتەوە و نیشتیمانەكەی ، خەمی هەر كوردێك بە كێشەی خۆی دەزانێت ، لە شوێنكی كوردێك و زانا و شاعیر و پێشمەرگە و كەسایەتییەكی كوردی لێ بێت ، شانازی پێوە دەكات و ڕێزی لێدەگرێت ، چونكە خۆشەویستی خاك و نەتەوەكەی پێش هەموو پرسێكی تر دەبینێت ، هەموو ئەو خۆشەویستی و ڕێز و فیداكارییە لە نێو ناخ و ڕۆحی سەرۆك بارزانی بوونی هەیە ، واتە كوردوكوردستان و بارزانی ئاوێتەی یەكتر جیا نابنەوە ، سەرۆكێك هەموو تەمەنی لە پێناو پارێزگاری لە دۆز و ئاڵا و مێژووی نەتەوەكەی فیداكردووە ، ڕابەری نەتەوەیەك هەمیشە بەباخەوە دەروانێتە بابەتە نەتەوەییەكان و ئەدەب و مێژوو و زانا و كەسایەتییەكانی نیشتمان و نەتەوەكەی ، ئەوەش پەیامێكە بۆ هەموو گەل و نەتەوەكانی ناوچەكەو جیهان وناساندنی گەورەیی و شكۆی نەتەوەی كورد ، رابەر و سەرۆكێكی ڕاشكاو و ڕاستگۆ و خاكەڕای ، هەموو كوردوكوردستان لە ناخ و بوونی یەك پارچەیە ،
چوونی سەرۆك بارزانی بە جلوبەرگی كوردییەوە بۆ جەزیرێ بۆتان بۆ ناو كەسوكاری خۆی ، بردن و گەیاندنی پەیامی ئاشتیخوازانەی نەتەوەیی كورد بوو بۆ تورك و نەتەوەكانی دیكە ، پەیامێك كە دەستپێشخەر بووە بۆ چارەسەری پرسی كورد نەك تەنیا لە باكووری كوردستان بەڵكو بەشەكانی دیكەش ، بەیانی راستییەك كە ئیتر نكۆڵیكردن لە دۆزی كورد بەسەر چووە ، نەتەوەیەك خاوەن ڕەسەنایەتی و فەرهەنگ و كەلتوور و زمان وجوگرافیا و مێژووی تایبەت بەخۆیەتی و ناكرێت چیتر مافەرەواكانی نادیدە بگیرێت .
































































