زاری كرمانجی :
ڕۆژی شەممە 19 / 11 / 2022 دوای ڕاگەیاندنی پرسەی ماتەمینی بۆ دوو لە شەهیدانی ڕاپەڕینی مەهاباد، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لێكەوتەوە و تا درەنگانی شەو تەواوی شارەكە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە كۆنترۆڵ كرا.
بۆ ڕۆژی پاشتر هێزێكی زۆری كۆماری ئیسلامی ئێران برایە نێو شار و هەر وەكوو لە گرتە ڤیدیۆكانی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو كراوەتەوە شارەكە لە كوودەتایەكی لەشكری دەچێت.
ئەمەش وایكرد خەڵكێكی زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا داوای هاوكاریی و بەهاناوەچوون بۆ خەڵكی مەهاباد بكەن و نیگەرانی ڕوودانی كۆمەڵكوژییان لە شارەكە ڕاگەیاند.
تەنیا لە شەوی ڕابردوو حەوت خۆنیشاندەر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر دەستی دەزگا ئەمنییەكانی ئێران شەهید كراون و شاری مەهاباد یش دەور دراوە بە هێزێكی زۆری سەربازی و نیشانە شكێنەكانی سوپای پاسداران و بەسیجەكان لەسەر بان و شوێنە بەرزەكان خۆنیشاندەران دەكەنە ئامانج.
ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە گشتی و شاری مەهاباد بە تایبەتی، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هێنایە سەر خەت و نیگەرانیی خۆی لەمەڕ ڕاپۆرتەكان لەسەر چڕبوونەوەی سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان لە ئێران و بە تایبەت لە شاری مەهاباد دەربڕی.
ئەنتۆنی بلینكن ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە لە تویتێكدا ڕایگەیاند:” زۆر نیگەرانم لەوەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی بەگوێرەی ڕاپۆرتەكان توندوتیژییەكان دژ بە خۆپیشاندەران، بە تایبەتی لە شاری مەهاباد زیاد دەكەن. ئێمە هێشتا لە هەوڵی لێپرسینەوە لەو كەسانەداین كە دەستیان لەم ڕووداوانەدا هەیە و لە هەمانكاتدا بەردەوامین لە پشتیوانیكردنی خەڵكی ئێران”.