بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران : له ڕووداوەکەی هاوینەهەواری بێخاڵ 37 هاووڵاتی بریندار بوون
شەهلا ڕەشید- زاری کرمانجی :
د. کاروان جەمال، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند” پەتای وەرزی هەموو ساڵێک هەیە و پەیوەندی نییە بە یەک وەرزەوە، بەتایبەت لەکاتی گۆڕینی وەرزەکان بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما ئەم پەتایە بڵاو دەبێتەوە و ئەمەش زۆر ئاسایییە، بەڵام ئەوەی گرنگە پێویستە هاووڵاتییان زیاتر ئاگادار بن و خۆیان بپارێزن، تایبەت ئەو منداڵانەی دەچنە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و هەروەها کارمەندەکانیش، پەتاکە وەک کۆرۆنایە و هەر کەسێک تووش ببێت پێویستە سێ ڕۆژ لە ماڵەوە بمێنێتەوە و پشوو بدات، بۆ ئەوەی دەوروبەرەکەشی تووش نەکات، چونکە پەتاکە زۆر بە ئاسانی و خێرا بڵاو دەبێتەوە”.
لە بارەی ڕووداوەکەی هاوینەهەواری بێخاڵ و دوا زانیاری لەسەر ڕەوشی تەندروستی برینداران، د . کاروان گووتی :” تەواوی بریندارەکانی ڕووداوەکەی هاوینەهەواری بێخاڵ، سەرەتا گەیەنرانە نەخۆشخانەی ڕواندز، دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتی کران، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەر دەستمانە، نزیکەی 37 هاووڵاتی بریندار بوون، 13 کەسیان لە نەخۆشخانەی ڕواندز چارەسەری پێویستیان بۆ کرابوو، ئەوەی تر کە 24 کەس بوو هێندرانە نەخۆشخانەی ئاشتی لێرە چارەسەرییان بۆ کراو و دواتر هەندێکیان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کران”.