موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی :
ماوەی چەند مانگێكە، بە فەرمانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان دەست بە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كراوە، بەڵام تا ئێستا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هیچ فەرمانبەرێك زەوی وەرنەگرتووە.
خەسرۆ ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە سنووری ئیدارەی سۆران بە گشتی نزیكەی 40 هەزار فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەویان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی زەوی پێویست نەتوانراوە پرۆسەكە دەستپێبكرێت، بەڵام لە هەوڵداین بۆ دابین كردنی زەوی پێویست بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كەمافی وەرگرتنی زەویان هەیە .
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سۆران، ئاشكرای دەكات، لە ئێستادا سەرقاڵی تەواو كردنی ڕێكارەكانین بۆ دڵنیا بوونەوە لەو فەرمانبەرانەی كە پێشتر زەویان وەرنەگرتبێت، دوای تەواو بوونی ڕێكارەكان دەست بە دابەشكردنی زەوی دەكەین .
خسرۆ ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سۆران، گووتیشی:” لە قۆناغی یەكەمدا لە هەرسێ قەزاكانی ( خەلیفان، ڕواندز ، چۆمان) زەوی بەسەر فەرمانبەران دەكرێت، بە تایبەت لە خەلیفان و ڕواندز لە هەر شارەوانییەك نزیكەی 500 فەرمانبەر زەویان بەسەر دابەش دەكرێت.


































































