د. شێروان كۆساری، پزیشكی شارەزای گشتی
ماوەی چەند هەفتەیەكە پەتایەكی ڤایرۆسی لەناو خەڵك بڵاو بۆتەوە، بەشێك بە توندی دەیگرن و بەشێكی تریشی بە سووكی.
- ئەم پەتایە پەتایەكی ڤایرۆسیە و بەكتریایی نییە
- نیشانەكان بە شێوەیەكی گشتی بریتین لە پەسیو، كۆكە، لەرزوتا، قوڕگ ئێشە، سەر ئێشە، بێتاقەتی و ئازاری قاچ.
- بەكارهێنانی دەرمانی دژە هەوكرن وەكو ئەمۆكسیلین، ئەزیسڕۆمایسین و تەواوی ئەنتیبایۆتیكەكانی تر بەهیچ شێوەیەك پێویست ناكات لەبەر ئەوەی ئەو دەرمانانە بۆ هەوكردنی بەكتریایی بەكاردێن و بۆ هەوكردنی ڤایرۆسی هیچ سوودێكی لێنابینی .
- هەندێك حاڵەتی كەم هەیە كە لە لایەن پزیشكەوە دیاری دەكرێت لەگەڵ هەوركردنە ڤایرۆسییەكە، نەخۆش تووشی هەوركردنی بەكتریایی دەبێت، لەو كاتەدا بەكارهێنانی ئەنتیبایۆتیك ئاساییە .
- نیشانەكانی ئەم پەتایە بە نزیكەیی هەمان نیشانەكانی كۆڕۆنایە و جیاكرنەوەیان ئاسان نییە، بۆیە پێویستە نەخۆش ئامۆژگاری تەنها لە پزیشك وەربگرێ .
- ئەم پەتایە خێراتر لە كۆڕۆنا بڵاو دەبێتەوە، زۆرجار یەك ئەندامی خێزانێك بە نزیكەیی تەواوی ئەندامەكانی تر تـووش دەكات لە ماوەیەكی زۆر كورت .
- پێویستە هەمان رێكارەكانی خۆپارێزی كۆڕۆنا بۆ ئەم پەتایەش پەیڕەو بكرێ وەكو مانەوە لە ماڵەوە، بەستنی ماسك و دەست شوشتن .
چارەسەرییەكانیش پێویستە تووشبووەكە بە تەواوی پشوو بدات و زۆر شلەمەنی بخوات لەگەڵ پاراسیتامۆڵ، هەروەها بەهیچ شێوەیەك دەرزی تێكەڵە ڤۆڵتارین و دیكادرۆن بەكارنەهێنێت، رەنگە بۆ ماوەیەكی كورت سوودی لێ ببینیت بەڵام دواتر ماكی زۆر مەترسیدار لەسەر جەستە بەجێدەهێڵێ .