20 ى نۆڤەمبەری هەموو ساڵێک وڵاتانی جیهان بە کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر یادی قوربانیانی هاتووچۆ دەکەنەوە
مستەفا دۆلەمەری – زاری کرمانجی :
ئەمڕۆ 20 ی نۆڤەمبەری 2022، لە ڕۆژی جیهانی قوربانییانی هاتووچۆ، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر یادی قوربانییانی سنووری ئیدارەی سۆران دەکاتەوە و هاوکات بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران، هەڵمەتێکی یەک هەفتەیی هۆشیارکردنەوەی لە ژێر دروشمی (با ئەوانەی ماون بیانپارێزین) دەست پێ کرد.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری زاری کرمانجی لە بارەی ڕووداوەکانی ئەمساڵی هاتووچۆ لە سنووری ئیدارەی سۆران گووتی:” ئەمساڵ 239 ڕووداو تۆمار کراون، کە بەداخەوە بەو هۆیەوە 13 هاووڵاتی گیانییان لە دەست داوە و 404 تریش بریندار بوونە”.
عەقید محسین تەحسین گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران باس لە هۆکاری ڕووداوەکانی هاتووچۆ دەکات و دەڵێ:” زۆربەی ڕووداوەکان بە هۆی تیژڕۆی شۆفێران و بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە، قەرەباڵخی ڕێگاکانی هاملتۆن یش هۆکارێکی تری بوونی ڕووداوەکانە.”
لە لایەکی تریشەوە عەقید زرار حوسێن بەڕێوەبەری هاتووچۆی سۆران باس لە کارکردنی تاکسی نێو شار دەکات و دەڵێ:” لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و بنکەی گواستنەوە لە سۆران، هەماهەنگی تەواومان هەیە و هەر کاتێک ئەوان ڕایانگەیاند کە بەشی پێویست تاکسی لە سۆران هەیە، ئێمەش ڕێ لە هەموو ئۆتۆمبێلەکانی دیکە دەگرین بۆ کارکردن.”
لە چوارچێوەی یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتووچۆ و لە درێژی چالاکییەکانیاندا، هاتووچۆی سۆران نامیلکەی ڕێنمایی بە سەر شۆفێران دابەش دەکات، بۆ ئەوەی شۆفێران پابەند بە ڕێنمایییەکانی هاتووچۆ بن و ڕووداوەکانی هاتووچۆ کەمتر بێتەوە”.

