شەهلا رەشید- زاری كرمانجی :
پێویستە چی بكەین بۆ ئەوەی قڵیشانی پێ چارەسەر بكەین:
- رێكخستنەوەی خۆراك: لەوانەیە هۆكاری قڵیشەكە خۆراكی نادروست بێت، هەوڵبدە لە هەموو خۆراكەكەتدا ڤیتامینەكان، پڕۆتین، ئاسن، ئۆمێگا ٣ بە ئەندازەی پێویست بخۆیت.
- بەكارهێنانی ئاو: پێستە قڵیشاوەكەی پێ بەگشتی ئەستوورتر و وشكترە، لە بەشەكانی تری پێ، هەروەها بەهۆی وشكێتییەكەوە كاتێك پەستانی زۆری بكەوێتە سەر ئەگەری هەیە بتەقێت، بۆیە واباشە تەشتێك ئاوی شلەتێن بهێنیت، كەمێك سابوونی گونجاو بۆ پێستت ورد بكە ناو ئاوەكە و بۆ ماوەی ٣٠ خولەك قاچت لەناویدا دابنێ، دوای ئەمە بەهێواشی پێیەكانت وشكبكەرەوە و دواتر كرێم و شێداركەرەوەی لێبدە، پاشان گۆرەوییەكی پەڕۆ لەپێ بكە تاكوو چەوری كرێمەكە لێێ نەبێتەوە.
- لابردنی پێستە ئەستوورەكان: دەتوانیت پێیەكانت بە بەردی تایبەت یان هەر ئامێرێك پێستە مردووەكەی لا ببەیت و پاشان پێیەكانت بخەیتە ئاوەوە، وردە وردە مەساج بكە بۆ پێیەكانت و سكرەبی بۆ بكە تا پێستە مردووەكان لێدەبنەوە.
- زەیتی گوێزی هیندی: ئەم زەیتە رۆڵێكی گرنگی هەیە لە شێداركردنەوەی پێیەكاندا، بەهەمان شێوە دوای هێنانە دەرەوەی پێیەكان لەناو ئاوەكەدا دەتوانیت زەیتی گوێزی هیندی لێ بدەیت و دواتر گۆرەوی لەپێ بكەیت.
- لیمۆ: لیمۆیەك بهێنە و لە ناوەڕاستدا بیكە بە دوو بەشەوە، دواتر ئاوی تەشتەكە خاڵی بكە و هەریەكە لە قاشەكان بدە لەژێر پێیەكانت و بەجۆرێك ژێر پێت بچێت بەناویدا، پاشان گۆرەوی لەپێ بكە و بەمشێوەیە بمێنەرەوە بۆ ماوەی ٣٠ خولەك، لیمۆ بەهۆی بوونی ئەسیدی ناویەوە خانە و پێستە مردووەكان لەناودەبات، هەروەها دەبێتە هۆی شێداركەرەوەی پێستەكە و نەرمی دەكاتەوە، دەتوانیت تێكەڵەی ئاوی لیمۆ و ڤازلینیش بدەیت لە پێیەكانت، شەو پێش نووستن لێی بدەیت و بەیانی بە ئاو بیشۆیت.
- مۆز و ئاڤۆكادۆ: مۆزێك و ئاڤۆكادۆیەك تێكەڵ بكە ببێتە گیراوەیەك، بۆ ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ خولەك لە پێیەكانتی بدە و پاشان بە ئاوی شلەتێن بیشۆ.
- شیر: پێست پاكدەكاتەوە و رەونەقی تایبەتی پێدەدات، بوونی ترشی لاكتیك و ئەلفاهایدرۆكسی لەناو شیردا یارمەتی لابردنی وشكی و زبری پێست دەدەن، كوپێك شیر بكە ناو تەشتێك ئاوی گەرمەوە و بۆ ماوەی ١٠ خولەك پێیەكانت تێیدا دابنێ.
- ئاو و خوێ: بۆ ماوەی ١٥ خولەك پێیەكانت لەناو تەشتێك ئاوی سوێردا دابنێ، پاشان پێیەكانت وشك بكەرەوە و بیخە ناو تەشتێك ئاوی ساردەوە بۆ ماوەی ١٠ خولەك، ئەم كارە وا دەكات وروژمی خوێن بۆ ناو پێیەكانت زیاتر بكات.
- سۆدە: سێ كەوچكی چێشت سۆدە بكە ناو تەشتێك ئاوەوە و بەباشی تێكەڵی بكە، دواتر بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەك پێیەكانت لەناو تەشتەكەدا دابنێ و پاشان بەرد بیهێنە بەژێر پێتدا.
- زەیتی كونجی: یەكێك لە زەیتە باشەكان بۆ قڵیشی پێیەكان زەیتی كونجییە، كە یارمەتی شێداری پێستەكە و گەشەی خانەكان دەدات و پێستە مردووەكان لادەبات، دوو كەوچكی چا زەیتی كونجی بكە ناو تەشتێك ئاوی گەرمەوە، پاشان بۆ ماوەی ١٠ خولەك پێیەكانتی تێدا دابنێ، ئەگەر قڵیشەكان زۆر و قووڵن دەتوانیت پێش ئەوەی پێیەكانت بخەیتە ئاوەكەوە زەیتی كونجی لێ بدەیت و مەساجی پێ بكەیت.
- كرێمی شێداركەرەوە: بەكارهێنانی كرێمی شێداركەرەوە زۆر گرنگە رۆژانە چەند جارێك بەكاربهێنرێت هەمیشە دوای خۆشۆردن پێیەكانت وشكبكەرەوە و كرێمی شێداركەرەوەی لێ بدە، هەروەها شەوانە كرێمی لێ بدە و دواتر گۆرەوی لەپێ بكە و بخەوە، رۆژانەش كە دەچیتە دەرەوە پێش ئەوە كرێمی شێداركەرەوەی لێ بدە و پاشان گۆرەوی لەپێ بكە بۆ دەرەوە.
- كرێمی قڵیشی پێ: ئەگەر قڵیشەكە زۆرە و چارەسەر ناكرێت لە ماڵەوە، واباشە سەردانی پزیشك بكەیت و كرێمی تایبەت بە قڵیشی پێت بۆ بنووسێت، بەپێی رێنماییەكانی پزیشك دەتوانیت بەكاری بهێنیت.
س/سایتی زانیاری گشتی