زاری كرمانجی-سۆران
ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، گۆڕانکاری لە شێوازی وەرگرتنی ئابونەی ئەندامەکانی دەکات، گوڕانکارییەکە سەرجەم ئەندامانی کارا، بەشدارو مەشقکار دەگرێتەوە.
بە پێی گۆڕانکارییە نوێیەکە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی ئەندام لەسەندیکا، ناویان لە لیستی ئەندامیەتی دەسڕێتەوە.
لە ڕێنماییە نوێیەکەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کە ئەمڕۆ 19 ی تشرینی دووەمی 2025 ئاراستەی سەرجەم لق و نووسینگەکان کراوە، هاتوە ” هەر ئەندامێک ساڵێک ئابونە نەدات، ساڵی داهاتو، لێی وەردەگیرێتەوە، هەر ئەندامێکیش سێ ساڵ لەسەر یەک ئابونە نەدات، ناوی دەچێتە ناو دواکەوتوەکان لە ئابونە.”
لە ڕێنماییە نوێیەکە ئەوەش هاتوە ” لەئەگەر پابەند نەبون، شێوازی غرامە جێبەجێدەکرێت کە لە ڕێنماییەکە ڕونکراوەتەوەو کە دەبێت ڕۆژنامەنووسی ئەندام ئابونەی هەر سێ ساڵەکە بدات و بڕی 25000 هەزار دیناریشی وەک غرامە لێوەردەگیرێت ئەوکات ناوی لە لیستی ئابونە دواکەوتوەکان دێتە دەر.”
هاوکات ئەوەش ڕونکراوەتەوە کە، هەر ئەندامێک پێنج ساڵ ئابونەکەی نەدات، تەرقین قەید دەکرێت و بۆ گەڕاندنەوەی داواکارییەک پێشکەشی لق و نووسینگە دەکات و پاش ڕەزامەندی لایەنی پەیوەندیدارو 50.000 هەزار دینارو ئابونەی هەر پێنج ساڵەکەی لێوەردەگیرێت، ئەوکات تەرقین قەیدەکەی لەسەر هەڵدەگیرێت و دەبێتەوە ئەندام لەسەندیکا.
ئەو ڕێنماییانە لە سەرەتای ساڵی نوێ واتە 2026 ەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەر لەوبارەیەوە ئاکۆ حەمەد ڕابی، بەرپرسی بەشی کارگێڕی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، نووسینگەی سۆران، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی زانیاری و ڕێنماییەکان گوتی ” بۆ نوێکردنەوەی ناسنامە شێوازێکی تازە پەیڕەو دەکرێت و پسولەی ئابونە بە شێوەیەکی ئەلکتڕۆنی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەو سیستەمە.
ئەوەش خراوەتەڕوو : ” ئەوەی بە ئێمە بکرێت، هەموو ئاسانکارییەک بۆ ڕۆژنامەنووسانی سنورەکەمان ئەنجام دەدەین.”


































































