زاری کرمانجی :
بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیێنێت، پارتی بە مانای وشە حزبی دەوڵەتداری و حوکمڕانی سەرکەتووە، حزبێکە بەرپرسیارەتی ھەڵدەگرێت و دەتوانێت سەرکردایەتی و ئیدارەی دەیان قەیران پێکەوە بکات و ھەموویان تێپەڕێنێت، پارتی حزبێکە ھەرگیز لە زاویەی بچووک ناڕوانێت بەڵکو دیدگای ھێندە فراوانە ھەموو تابلۆکە پێکەوە دەبینێت بۆیە جێگەی متمانەی زیاتر لە یەک ملێۆن دەنگدەرە .
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سۆران، دووپاتی لەوەکردەوە، ھەڵکشانی دەنگەکانی پارتی بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێتەوە، یەکێکیان بریتییە لەوەی سەرۆک بارزانی سەرکردەیەکی بە شکۆ و سەنگینە، لای دۆست و نەیار پێگەی تایبەتی ھەیە. لە لایێکی تر قورسایی پارتی لە مێژووی پڕ لە شانازی، ئێستای پڕ لە ئاوەدانی و ستراتیجیەتی ڕوونی نەتەوەیی بۆ نیشتمان و داھاتوو وای کرد خەڵکی کوردستان متمانەی خۆیان بدەنە لیستی پارتی. زیاتر لەوەش، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوو لەڕووی خزمەتگوزاری، ئارامی، ئاوەدانی و بەرقەرارکردنی ئازادی. ئەو خزمەتانەی پارتی لای خەڵکی کوردستان تەواو ڕوون بوو، بۆیە زیاتر لە ملیۆنێک و سەت ھەزار دەنگدەر ڕوویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد لە ڕۆژەکانی ھەڵبژاردن”.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەی، بڵند ئیسماعیل گوتی، “ھەڵکشانی دەنگەکانی پارتی لە ئیدارەی سۆران بە دیاریکراوی دەگەڕێتەوە بۆ ھەوڵەکانی حکوومەت لە دابینکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە گشتی و پلانەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم بۆ خۆشگوزەرانی لە دەڤەرەکە. ھەروەھا ئاماددەبوونی ڕێزدار شێخ سیداد بارزانی لە ئیدارەی سۆران لە ڕۆژانی بانگەشەی ھەڵبژاردن یارمەتیدەر بوو لە سەرخستنی لیستی ۲۷٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان.”
بڵند ئیسماعیل گووتیشی، “دوای بەدەستھێنانی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ، پارتی پەرپرسیارەتی و ئەرکی سەرشانی قوڕستر بووە، پارتی ئاماددەیە بۆ ھەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارەتییە.”


































































