زاری کرمانجی :
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕاگەیێندراوێکی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدراوە، بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان و گۆڕینی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بە گشتی و كۆتاكان بەتایبەتی قبوڵكراو نییە و، بە هێڵی سووری دادەنێین.
دەقی ڕاگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی :
هاووڵاتیانی بەڕێز…
هەروەكو ئاگادارن پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە ڕێكەوتی (١١ـی١١ـی ٢٠٢٥) لە كەش و هەوایەكی دیموكراسیانە و ئازادانە و بە ڕێكوپێكی و شەفافانە ئەنجامدرا و، لیست و قەوارە سیاسییەكان و کاندیدی كۆتاكان بەگوێرەی یاسا بەركارەكان و ڕێنماییەكان بەشدارییان كرد. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی ڕێكارە یاساییەكان ئەنجامی كۆتایی بەشێوەیەكی فەرمی ڕاگەیاند.
ئێستاش لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین كە هەواڵێك هەیە بۆ دەستوەردان لە ئاكامی هەڵبژاردن، بەتایبەتی كۆتاكان و گۆڕینی ئاكام و ئەنجامەکان! ئێمە لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنین، کە بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان و گۆڕینی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بە گشتی و كۆتاكان بەتایبەتی قبوڵكراو نییە و، بە هێڵی سووری دادەنێین. لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانكاری لە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت.
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٨ـی١١ـی٢٠٢٥


































































