پشتیوان كەریم- سۆران:
ڕۆژانە مرۆڤ لە كاتی دروستكردنی خواردنی جۆراوجۆردا، پێویستی بە بەهاراتی هەمەجۆر هەیە بۆ ئەوەی تام و چێژ بە خواردنەكان ببەخشێت و خوانەكان بۆندار بكات، تام و چێژی خواردنی بەشێك لە چێشتلێنەرانی ماڵ و خواردنگەكان بۆ بەكارهێنانی بەهارەتەكان دەگەڕێتەوە.
لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران دەیان جۆر بەهارات دەفرۆشرێت و تەواوی بەهاراتەكانیش دروستكراوی وڵاتی سریلانكان و هەر لەو وڵاتەشەوە هەناردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
لالۆ خان، خاوەنی فرۆشگای لالۆ لە نێو سەنتەری بازاڕی سۆران لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی راگەیاند:” پتر لە 50 جۆر بەهاراتمان هەیە و نرخی یەك كیلۆی لە دوو هەزار دینار ەوە دەست پێ دەكات و گرانترین بەهاراتیش بەناوی پاپریكایە كە یەك كیلۆی بە 90 هەزار دینار دەفرۆشرێت.”
بەگوتەی لالۆ خان، لە تەواوی وەرزەكان خواست لەسەر بەهارات هەیە بەتایبەت لە وەرزی بەهار و هاویندا، جۆری بەهاراتی دۆڵمە و بریانی خواستێكی زۆریان لەسەرەو ڕۆژانە مرۆڤ بۆ ئەو دوو ژەمە بەكاریان دەهێنێت.
تا ئێستا هیچ جۆرە بەهاراتێكی خۆماڵی لە بازاڕدا بوونی نییە هەروەكوو لالۆخان ئاماژەی بۆ دەكات:” هیچ جۆرە بەهاراتێكی خۆماڵی بوونی نییە و ئەوەی هەیە و دەفڕۆشین لە وڵاتی سریلانكا بە تۆن هاوردە دەكرێت و بەشێوەی گرام و كیلۆ بە فرۆشیاران دەفرۆشین، بەو پێیەی بەهارات بە گشتی ناسكە و بۆندارە، بۆیە دەبێت كەم كەم بهێنرێت، مانەوەی زۆر و نەفڕۆشتنی لە دووكاندا بۆنی لەدەست دەدات و وەك پێویست تام چێژ بە خواردنەكان نادات.”