سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریی لە پانێلێکی کۆڕبەندی مێپس، گوتی: بەردەوام هەوڵی ئەوەمان داوە فاکتەری ئارامی و ئاسایش بین لە ناوچەکە، هەموو هەوڵێکیشمان داوە نەبینە بەشێک لەو کێشانەی کە لە ناوچەکە ڕوویان داوە.
جەختی لەوە کردەوە، سیاسەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئەوە بووە، کە فاکتەرێک بێت بۆ ئارامی و سەقامگیریی لە ناوچەکە، هەرێمەکە هەر لەسەر ئەو سیاستەش دەمێنێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێمان وایە ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکەدا هەن، پێویستی بە بیرکدەنوەیەکی دروست هەیە بۆ ئەویە چارە بکرێت، چونکە شەڕ لە ماڵوێرانی زیاتر هیچ دیکەی بە دوادا نایەت، کێشەکان دەبێت بە گفتوگۆ چارە بکرێن.
دەشڵێت: خۆشحاڵین کە ئێستا دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت غەززە، دوێنێش بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بابەتە بڕیارێکی گرنگ بوو، هیوادارین بگاتە ئەنجام.
لە بارەی ڕۆڵی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئەمەریکا هێزێکی گەورەیە لە جیهاندا، هەروەها دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و جیددی ببینێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە دەیانەوێت کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە شێوەیەکی ئاشتییانە و گفتوگۆ چارە بکرێن.
لە درێژەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان توانیویەتی بیسەلمێنێت کە فاکتەری ئەمن و ئاسایشە لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بارەی لایەنە کوردییەکانەوە دەڵێت: دەبێت هێزە کوردییەکان پێکەوە بچنە بەغدا و لەوێدا یەکگرتوو بن و پێکەوە داکۆکی لە بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن.
گوتیشی: دەبێت هەمووان پێکەوە لەسەر خاڵێک ڕێکبکەوین کە بزانین چی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هەرێمەکەدا، زۆر گرنگە هێزە کوردییەکان بە زووترین کات پێکەوە بچنە بەغدا و دەست دانوستان بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەر لە باسی یەکگرتوویی لایەنە کوردییەکان لە بەغدا، ئاماژەی بەوە کرد، “زۆر جار گوتمانە ئێمە دەبێت لە بەغدا بەهێز بین، بەهێزبوونی کورد لە بەغدا گەرەنتییە هەم بۆ عێراق هەم بۆ هەرێمی کوردستان”.
لە بارەی درووشمی ئەم جارەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، نێجێرڤان بارزانی ڕوونی کردەوە، درووشمی ئەو جارەی ئێمە ئەبووە کە دەبێت عێراق دەستوور جێبەجێ بکات، ئەمەش داواکاری سەرەکی ئێمە بوو، هەروەها ئەمە دەبێت داواکاری سەرجەم هێزە کوردییەکانیش بێت.


































































