سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە، بە پەرۆش بوون پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک بهێنرێت، بەڵام بە داخەوە لایەنەکان هاوڕا نەبوون. جەختی لەوەش کردەوە، بە پێی هەلومەرجی نوێ مامەڵە لەگەڵ پرسی پێکهێنانی حکوومەت دەکەن.
سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دهۆک، گوتی: ساڵ بە ساڵ کۆڕبەندی مێپس گەورەتر و بەرفراوانتر دەبێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، زۆر بە پەرۆش بوون پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کابەینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم پێک بهێنرێت، بەڵام بە داخەوە لایەنەکانی دیکە هاوڕا نەبوون لەگەڵیان، ئەوان لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ ئەو پرسە هەبوو.
جەختی لەوەش کردەوە، ئێستاش هەلومەرجی نوێ هاتووەتە پێشەوە، بە پێی ئەو هەلومەرجانە مامەڵە لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەت دەکەن.
لە بارەی مەرجی پارتی بۆ بەشداریی لە حکوومەتی داهاتووی عێراق، مەسرور بارزانی، گوتی: بە مەرجی جێبەجێکردنی دەستوور بەشداریی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت فیدراڵ دەکەین.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە کۆبوونەوەی نێوان خۆی سوودانی کرد و ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ کرد، هەروەها باسمان لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد.
هاوکات باسی لەوەش کرد، کە لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی بەڵێنی داوە بە زووترین کات مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.


































































