وەرزش – زاری كرمانجی:
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، 22ەمین پاڵەوانێتی جامی جیهانی بەڕێوەدەچێت.
جامی جیهانی بە بەشداری 32 هەڵبژاردە لەسەر ئاستی كیشوەرە جیاوازەكانی جیهان ئەنجام دەدرێت. بەسەر 8 كۆمەڵەدا دابەشكراون، هەر هەڵبژاردەیەك سێ یاریی لە قۆناخی كۆمەڵەكان ئەنجام دەدات، و یەكەم و دووەمی كۆمەڵەكانی سەردەكەون بۆ قۆناخی 16.
یارییەكانی جامی جیهانی لەمڕۆ یەكشەممە 20ی نۆڤێمبەر تا ناوەڕاستی مانگی دیسێمبەری ئایندە درێژەیان دەبێت.
بە درێژایی ئەم مۆندیالە 64 یاریی بەڕێوە دەچێت. قەتەر، بە بەهای 220 ملیار دۆلار خەرجی ئەم پاڵەوانێتیی كردووە و 8 یاریگەی بە شێوازی تایبەت ئامادە كردووە.
كاتژمێر 7 ی ئێوارەی ئەمڕۆ، بەیاریی نێوان قەتەر و ئیكوادۆر لەسەر یاریگەی بەیت، شەمەندەفەری پاڵەوانێتییەكە دەكەوێتە ڕێ.
ئەو هەڵبژاردانەی سەركەوتوون بۆ كۆتایییەكانی جامی جیهان، بڕی یەك ملیۆن دۆلاریان وەك پاداشت پێدراوە.
ئەو هەڵبژاردەیەی سەردەكەوێت بۆ قۆناخی 16، لەلایەن فیفاوە دە ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت، هەڵبژاردە سەركەوتووەكانی قۆناخی 8 یەكی 18 ملیۆن دۆلار وەردەگرن.
چوارەمی پاڵەوانێتییەكە 25 ملیۆن دۆلاری پێدەبڕێت، 30 ملیۆن دۆلاریش بۆ پلەی سێیەمە، هەروەها 40 ملیۆن دۆلار
بۆ پلەی دووەمی جامی جیهانی.
پاڵەوانی مۆندیال بەدەر لەوەی مێژوویەكی گەورە تۆمار دەكات 50 ملیۆن دۆلاریش وەك پاداشت وەردەگرێت.
جگە لەئەمڕۆ، سەرجەم ڕۆژەكانی دیكە تا تەواوبوونی قۆناخی كۆمەڵەكان، ڕۆژانە 4 یاریی بەڕێوەدەچن.