بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ كۆببێتەوە و چاوەڕوان دەكرێت سودانی بڕیاری خەرج كردنی مووچەی مانگی ٩ بدات و دواتریش سەردانی هەرێمی كوردستا بكات.
ئەمە لە كاتێكدایە وەزارەتی دارایی عێراق لە دواین ڕاپۆرتیدا کە بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوە داوە” کۆی خەرجییەکانی عێراق لەماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا گەیشتوەتە ٨٧ ترلیۆن و ٤٧٨ ملیار دیناری عێراقی، لەکاتێکدا کە داهاتی ئەو هەشت مانگە ٧٣ ترلیۆن و ٨٢١ ملیار دینار بووە”
سەبارەت بە جۆرەکانی داهاتیش ئاماژەی بەوەکردوە، داهاتی نانەوتی عێراق لەهەشت مانگدا تەنیا هەشت ترلیۆن و ٥٥٥ ملیار دینار بووە، واتە داهاتی نانەوتی تەنیا ١٠٪ کۆی داهاتەکانی عێراقی پێکهێناوە.
لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە، وەزارەتەکە دەڵێت” لە ٨ مانگی ڕابردوودا بڕی ٥ ترلیۆن و ٤٦٧ ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج كراوە.”
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لە خەرجییەکان کراوە و تێدا خەرجی وەبەرهێنان لەناو کۆی خەرجییەکاندا تەنیا ١٣ ترلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینار بووە، بەڵام زیاتر لە ٧٠ ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەڕەرای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی پابەندییەكانی خۆی لە بارەی داراییەوە جێبەجێ كردووە، بەڵام تائێستا مووچەی مانگی ٩ی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشنەکراوە.
































































