ئەمیر مەجید محەمەد
ئەمڕۆ، لەم ساتە هەستیارەدا، کاتێک وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان بە چەندین قۆناغی دژواردا تێ دەپەڕێت، گرنگی هەڵبژاردن و دیاریکردنی نوێنەرایەتییەکی بەهێز و کاریگەر لە پەرلەمانی عێراقدا زیاتر لە هەر کاتێکی تر خۆی دەنوێنێت. لەم نێوەندەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە، متمانە و ئومێدی گەلەکەی لەسەر شانە. پارتی دیموکراتی کوردستان، خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانیدانە، مێژوویەک کە بە خوێنی شەهیدان و خۆنەچەمینی پێشمەرگە قارەمانەکان نووسراوەتەوە. ئەم حزبە. هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لەسەر دەستی باوکی ڕۆحی نەتەوەکەمان، بارزانیی نەمر، تاکو ئەمڕۆ بە ڕابەرایەتی سەرۆک مسعود بارزانی، هەمیشە هەڵگری ئاڵای کوردایەتی و داخوازییەکانی گەلەکەمان بووە.
لە پەرلەمانی عێراقدا، بوونی نوێنەرانی بەهێزی پارتی دیموکراتی کوردستان بە زەقی کاریگەری بە جێ دەهێڵێت، وەک:
داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان:
پارتی هەمیشە پێشەنگ بووە لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانمان، لە بودجە و نەوتەوە بگرە تاوەکو ماددەی ١٤٠. سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان و ماددەی ١١٢ و ١١٤، سەبارەت بە نەوت و غاز و ماددەی ١٢١ کە تایبەتە بە دەسەڵاتەکانی هەرێم. نوێنەرانی پارتی، بە گیانێکی نیشتمانپەروەری و بە پەرۆشەوە بەرگری لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان دەکەن و ڕێگە نادەن هیچ لایەنێک پێشێلی بکات.
سەقامگیری و ئارامی عێراق:
پارتی دیموکراتی کوردستان، جگە لەوەی داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردە، هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ سەقامگیری و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە عێراقدا. باوەڕمان وایە عێراقێکی بەهێز لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشی ڕاستەقینە، دەتوانێت باشترین گەرەنتی بێت بۆ پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان.
پەرەپێدانی ئابووری و خزمەتگوزاری:
بەهێزبوونی نوێنەرایەتی پارتی لە بەغدا، دەتوانێت ڕۆڵێکی کارا ببینێت لە تەرخانکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیدا، هەروەها دابینکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و وەبەرهێنان لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا، بە کوردستانیشەوە.
کاریگەری لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکاندا:
بەهێزبوونی پێگەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەرفەتێکی باشتر دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی دەنگی گەلی کوردستان و خواستەکانی بە گوێی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بگات و ڕۆڵێکی کاراتر بگێڕین لە سیاسەتی دەرەوەی عێراقدا.
هەموو ئەمانە وایان کرد، پارتی دەنگی ملیۆنی بێنێت و متمانەی زیاد لە ملیۆنێک دەنگدەر بەدەست بێنێت. خەڵکی بە ئەمەکی کوردستان درکییان بەوە کردبوو کە تەنیا و تەنیا پارتی دەتوانێت مافی کوردستانیان بپارێزێت و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکات. بۆیە بە دڵ و بە گیان ژمارەی پێوانەیی ملیۆنییان بۆ حیزبی پارتی تۆمار کرد.
































































