كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، ئەم هەفتەیوە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕادەگەیەنن.
جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاند: كۆمیسیۆن ئێستا كار لەسەر یەكلاكردنەوە كێشەی ئەو وێستگانە دەكات كە ئەنجامەكانیان نەنێردراون، دوای هەژماركردنی دەنگی ئەم وێستگانە، ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت، بێگومان ئەم كارەش هاوتا دەبێت لەگەڵ یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان.
جومانە غەلای راشیگەیاند: راگەیاندنی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردن و یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان، رەنگە ئەم هەفتەیە كۆتایی پێ بێت، بێگومان راگەیاندنی ئەنجامەكانیش بە بڕیاری ئەنجوومەنی كۆمیسیاران دەبێت.
گوتەبێژی كۆمیسیۆن جەختیشی كردەوە كە لە ماوەی سێ رۆژ لە بڵاوكردنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە ماڵپەڕی فەرمی، دەتوانرێت تانەیان لێ بدرێت، دوای حەوت رۆژ لە سەیركردنی سكاڵاكان و هەروەها 10 رۆژیش لە كاری دەستەی دادوەری، دەگەینە كۆتایی پڕۆسەی هەڵبژاردن.
سەبارەت بڵاوكردنەوەی ناوی كاندیدە سەركەوتووەكان، ئاماژەی بەوە دا كە سەرجەم دەنگەكان دەخرێنە نێو سیستەمێكی تایبەت بۆ هەژماركردن بە شێوازی سانت لیگۆ و تێیدا كورسییەكان بەگوێرەی پارێزگاكان دیاری دەكرێن، دوای ئەمە كۆمیسیۆن بەفەرمی ناوی كاندیدە سەركەوتوو و ژمارەی كورسی حزب و لایەنەكان بڵاو دەكاتەوە.


































































