لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەو لیستانەی لە لایەن میلیشیاكانی سەربە ئێرانن و بە وەلائییەکان ناسراون توانیان 58 کورسی بە دەستهێناوە.
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەوەی دەرخست چوار گرووپی چەکداری نێو حەشدی شەعبی لە رێگەی باڵی سیاسیی خۆیانەوە 58 کورسییان بەدەستهێناوە و ئەمەش دەكاتە 17% كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق.
لیستی حقوق کە باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقییە، 6 کورسی بەدەستهێناوە، بزووتنەوەی سادیقون کە باڵی سیاسیی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی 26 كورسی مسۆگەر كردووە .
لیستی هاوپەیمانیی خەدەمات کە سەر بە کەتیبەکانی ئیمام عەلییە و لەلایەن شیبل زەیدییەوە سەرۆکایەتی دەکرێ 5 کورسی بەدەستهێنا.
لیستی رێکخراوی بەدر کە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێ، لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق 19 کورسی بەدەستهێناوە.
بزوتنەوەی بابلیون کە سەر بە رەیان کلدانییە و یەکێکە لە بەشدارانی حەشدی شەعبی، لەم هەڵبژاردنەدا 2 کورسی کۆتای کریستیانەکانی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی پێشوودا چوار ئەندامی کۆتای کریستیانەکانی هەبوو.
































































