موڕشید برادۆستی – زاری کرمانجی :
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی هات، بەڵام پڕۆژەکانی حکوومەت لە دەڤەری برادۆست لە سنووری ئیدارەی سۆران بەردەوامیان هەیە و هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دڵخۆشن .
عەلی حاجی دانیشتوێکی سەنتەری سیدەکانە و بە زاری کرمانجی گووت” حکوومەتی هەرێم لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان خزمەتگوزاریەکی زۆری پێشکەش کردووە، ئەمەش وای کردووە خەڵک دڵخۆشبن، لە سنووری سیدەکان ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە واری جێبەجێ کردنن بە تەواوکردنیان ئاستی ئاوەدانی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە .
حاجی فاخر ڕەحیم دانیشتوێکی دیکەی سیدەکانە و دەڵێت:” ئەوەی بۆ سیدەکان زۆر گرنگە دروستکردنی ئاوەڕۆی ماڵانە کە ئێستا پڕۆژەکە لە واری جێبەجێکردندایە، وێڕای دروستکردنی ئاسانکاری بۆ ماڵان، لەهەمان کات سیمایەکی جوانیش بەسەنتەری قەزا دەبەخشێت .
زیاتر گووتی:” زۆر لە کارەکانی پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندووقی ماڵان تەواو کراوە، بەڵام داوا دەکەین بەر لەوەرزی زستان پڕۆژەکە تەواو بکرێت تا گرفت بۆ هاووڵاتییان و دانیشتوانی نزیک پڕۆژەکە دروست نەبێت .
پڕۆژەی ئاوەڕۆی ماڵان بە نزیکەی یەک ملیار دینار لە واری جێبەجێ کردندایە و پڕۆژەکە لەقۆناغی کۆتایدایە، جیا لەو پڕۆژەیە، نۆژەنکردنەوە و قیڕکردنی ڕێگای گوندەکانی بۆڵێ و گەڕەکی ئازادی و کۆڵانەکانی لە واری جێبەجێ کردندایە .


































































