محەممەد مەلا
پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەی حزبێكی سەرەكییە لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و بەرپرسیاریەتی یەكەمی دەكەوێتە ئەستۆ، لەهەماكاتدا لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو پارتی بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێپەڕی چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی عێراقدا، ڕووبەڕووی چەندین ئالنگاری بووەوە بەڵام توانی ڕێژەیی دەنگەكانی زۆر زیاتر بەرز بكاتەوە، زۆربەی حزبەكانی تر چ بە حزبە هاوبەشەكانی لە حكومەتی هەرێم و چ ئەوانەشی لە دەرەوەی حكومەتن و خۆیان وەكوو ئۆپۆزیسیۆن ناو دەبەن، هەرگیز پێشبینی سەركەوتنێكی وا گەورە و بەرزبوونەوەی دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان نەدەكرد! بەڵام پارتی و سەركردایەتی ئەم حزبە زۆر زوو ڕایانگەیاند كە ئەمجارە سەرووی ملیۆنێك دەنگ دەهێنن، ئایا نهێنی ئەو بڕوا و متمانەیەی پارتی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
پێم وایە دەتوانین لەم چەند خاڵەی خوارەوە كورتی بكەینەوە :
یەكەم، پارتی دیموكراتی كوردستان حزبێكی ڕاستگۆیە لەگەڵ جەماوەرەكەی و كارێك پێ بكرێت دەیكات و كارێكیش نەیەوێت نایكات، هەروەها نە لەكاتی سەركەوتن غروور دەبێت و جەماوەرەكەی لە بیر بكات و نە لە كاتی لاوازی و شكست ڕادەكات، بەڵكوو هەمیشە دەڵێت دەستكەوتەكان هی ئێمەن و شكستەكانیش هی ئێمەن.
دووەم،كاریزمایی سەرۆكی ئەم حزبە، ڕێزدار مەسعوود بارزانی، ئەو كاریزمایەی جەنابیان بووەتە هۆی حسابكردن بۆ گوتار و كردارەكانی، كاتێك دەڵێت مەترسی هەیە هەمووان بە جددی قسەكانی وەردەگرن و كاتێك دەڵێت ئەوە دەكەین قسەكانی سەند و جێگای بڕوای دۆست و دوژمنەكانیەتی
سێیەم، پارتی حزبێكە هەمیشە حسابی بۆ جەماوەرەكەی كردووە و هەمیشە گوتوویەتی دەنگێك بۆ ئێمە زۆرە، لەكاتێكدا حزبی تر هەیە حساب بۆ بنەماڵە و هۆز و عەشیرەتێكیش ناكەن، بەڵام هەمیشە ئەندامانی پارتی خۆیان بە خاوەنی پارتی زانیوە و دەرگای بارەگاكانی حزب بۆ بچووكترین ئەندام تاوەكوو گەورەترین ئەندام وەكوو یەك ئاوەڵاكراوە و دەتوانێت بە ئاسانی كێشە و گرفتەكانی خۆی لە ئۆرگانەكانی حزب باس بكەن
چوارەم، ڕێزگرتنی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان، گەورەترین شانازی بوو كاتێك، جەنابی سەرۆك گووتی (ئێمە بۆ خودای گەورە نەبێت بۆ كەسی تر خۆ ناچەمێنین ، بەڵام ئامادەین دە جار بۆ دایكی شەهیدان خۆمان بچەمێنین)، یاخود سەرۆك بارزانی دەڵێت گەورەترین پلە و پۆست لای من پێشمەرگایەتییە، لەكاتێكدا حزبی تر هێزەكانی خۆیان و پێشمەرگەكانی لە شەڕی نێوان خۆیان بە كوشت دەدەن و شەهیدیان دەكەن
پێنجەم، سەركەوتنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەسەر ئاڵنگارییەكانی بەردەمی و كردنەوەی دەیان پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری ژینگەیی و پەروەردەیی و تەندروستی و بەدیهێنانی خەونی سی ساڵەی هاونشتیمانیان لە دابینكردنی كارەبای بیست و چوار كاتژمێری و ئاوی بەردەوام و پشتێنەی سەوزایی و ڕێگاوبان و …تاد، هەروەها بەرزكردنەوەی ئەو دروشمەی كە دەڵێت(ئێمە ناڵێن دەیكەین، بەڵكوو دەڵێن كردمان)
شەشەم، مەركەزیەتی بڕیاردان و پابەندبوونی ئەندامان و لایەنگرانی حزبەكە و دروست نەبوونی باڵ باڵین، هەرچەندە ئەوانەی دەرەوەی پارتی بانگەشەی ئەوە دەكەن، بەڵام باشترین بەڵگە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارە بوو كە هەموو ئەم دەنگۆیانە بە درۆ خستەوە
حەوتەم، كاندیدكردنی كەسانی شایستە و خاوەن ئەزموون و بڕوانامەی بەرز و كەسانی دڵسۆز و قوربانی دەر بۆ خاك و نیشتمان ئەمەش وایكردووە جەماوەری پارتی و ئەوانەشی ئەندامی ئەم حزبە نین بڕوایەكی وایان بۆ دروست ببێت كە ئەمانە دەتوانن ببنە دەنگی ڕاستەقینەی گەلەكەیان لە پەرلەمانی عێراق .
هەشتەم، شێوازی بانگەشەی ئەمجارەی پارتی، بانگەشەیەكی تا بڵێیت مۆدێرن و سەردەمیانە بوو، لە ئاستی ئەو پێشكەوتنانەی بانگەشە نێودەوڵەتیەكان بوو، دوور بوو لە دروشمی گەورە و بێ ناوەڕۆك و دابەزین بۆ هەندێك ئاستی نزمی جنێودان و هەڵدانەوەی مێژوو و تۆمەت بەخشینەوەی بێ بنەما، وەكوو لە چەند لایەنێكی تری سیاسی بیندرا، هەرچەندە هەوڵێكی زۆر درا بۆ پەلكێش كردنی پارتی و دابەزاندنی بۆ ئاستی ئەوان، بەڵام سەركردایەتی پارتی زۆر عەقلانییانەتر بەردەوامی بە بانگەشەكانی دەدا و بە پرۆژە وەڵامی نەیارەكانی دەدایەوە، كە ئەوەش خواستێكی هەنووكە هاووڵاتییان و هاونشتیمانیانە و خەڵكی كوردستان بێزاربوون كە گوتاری بێ كردار و دروشمی درۆینە،
بێگومان هەموو چاودێرانی سیاسی و لایەنگران و دۆست و دوژمنانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەتوانن زیاتر و زیاتر لێكۆڵینەوە بكەن لە نهێنی سەركەوتنی ئەمجارەی پارتی و بیكەنە بەرمەبنای كاركردنیان بۆ چوار ساڵی داهاتوویان بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاونیشتمانییان و زۆر جار سەركردایەتی پارتی خۆیانش ئەمەیان نەدەشاردەوە كە ئەوانەی دەیانەوێت كێبڕكێ لەگەڵ پارتی بكەن دەبێت بە پرۆژە و خزمەتكردنی هاووڵاتییان ئەم كێبڕكێیە لە پارتی ببەنەوە .


































































