زاری كرمانجی ـ سۆران:
ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارێك لەبەرژەوەندی پێشمەرگەكانی سەردەمی شۆڕش دەردەكات.
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات، كە بڕیاردراوە چیتر ئەو پێشمەرگانەی ناو شۆڕش لەبەرانبەر هێنانەوەی خزمەتی پێشمەرگاتیی خۆیان بۆ سەر خانەنشینی هیچ بڕە پارەیەك نادەن.
ریڤینگ هرووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە،” هەر پێشمەرگەیەك بەشداری لە شۆڕشەكاندا كردووە، ئەگەر پێویستبایە خزمەتی خۆی بخاتە سەر وەزیفەكەی بە مەبەستی خانەنشینكردن، پێویست بوو بڕێك پارە بدا هی ئەو ساڵانەی پێشمەرگە بووە، لە كاتێكدا ئەوكات پێشمەرگایەتی بێ مووچە بووە و خۆبەخشانە پێشمەرگایەتییان دەكرد. پێشمەرگەكانیش هەر یەكەو بەگوێرەی ساڵەكانی خزمەتی پێشمەرگایەتی پارەیان لێ وەردەگیرا.”
هرووری دەشڵێت: “دوای ئەوەی هەوڵێكی زۆرمان دا لە لیژنەكەی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەرەنجام ئەنجومەنی وەزیران وەك رێزگرتنێك لەو پێشمەرگانەی بەشدارییان لەشۆڕشەكاندا كردووە و ئەوكات پێشمەرگە بوونە و تاوەكو 5/3/1991 لە خزمەتی پێشمەرگایەتی بەردەوام بوون، هیچ بڕە پارەیەكیان لێ وەرنەگیرێت و لێیان خۆش بن.”
پێشووتر ئەگەر پێشمەرگەیەكی شۆڕش بیویستیایە خزمەتی خۆی بهێنێتەوە بۆسەر خانەنشینی، پێویست بوو بڕێكی زۆر پارە بدەن، بەڵام لەمەودوا ئەو پارەیە نادەن و حكومەت لێیان خۆشبووە.