ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
بیستۆک ئامێرێکی بەرزکردنەوەی دەنگە، بۆ گوێگرتن لە مۆسیقا و قسەکردن بە تەلەفۆن بەکاردەهێنرێت. بەڵام توێژەران نیگەرانن لە بارەی زیانەکانی و هۆشداری دەدەن لە کاریگەرییەکانی لەسەر مێشک و گوێ.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ڕۆکنا، توێژینەوەیەکی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هارڤارد-ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەریخستووە زۆر بەکارهێنانی بیستۆک لایەن کەسانی خوار ۲۰ ساڵەوە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بیستن. بەپێی ئەم توێژینەوەیە، زۆر بەکارهێنانی بیستۆک بە دەنگی بەرز لە ماوەدرێژدا، کاریگەری زیانبەخشی گەورە لەسەر تەندروستی جێ دەهێڵێت؛ وەک زرنگانەوەی گوێ، لەدەستدانی بیستن، پەشۆکان و شڵەژان، هەوکردنی گوێ، سەرگێژخواردن، ئازاری گوێ و زیادبوونی مۆمی گوێ.
ماڵپەڕەکە هۆشداری دەدات لە بارەی کاریگەری لەسەر مێشکیش و ڕوونی دەکاتەوە، بیستۆک شەپۆلی کارەبایی دروست دەکات کە دەبێتە هۆی دروست بوونی کێشەی درێژخایەن بۆ مێشک، هەروەها هەوکردنی گوێش دووبارە زیان بە مێشک دەگەیەنێت.
دوای پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، بە مەبەستی دابینکردنی ئازادی زیاتر و بێزارنەکردنی دەوروبەر لە کاتی گوێگرتن لە مۆسیقا، بیستۆک داهێنرا. بەڵام لە لایێکی تر زیانی تەندروستی و نەخۆشی درێژخایەنی لێ کەوتەوە. بۆیە پسپۆڕان داوا لە گەنجان دەکەن بە پێی ڕێنمایی تەندروستی، بیستۆک بەکاربهێنن.


































































