عەزیز ئاڵانی
هەتا کەسێکی گۆشەگیرو دابڕاو لەخەڵک نەبینین کاتێک بۆیەکەمجار دەچێتە ناو خەڵکەوە،نازانین کە کرانەوەی کۆمەڵایەتی و ناسینی خەڵک و پەیوەندی وهاتوچۆی نێوان مرۆڤەکان چەند گرنگە.ئەوسا دەبینین ئەوکەسە داماوە چۆن دەمی گۆناکات،قسەی بۆنایا،زمانی تێکەڵ و پێکەڵ دەبێ،شەرم دایدەگرێ،جۆرێک لە ترس زاڵ دەبێ بەسەریا،خوارو لاسەنگ بەڕێدا دەڕوات،هەمیشە خۆی دەخاتە دوای دواوە لەناوخەڵکدا،نازانێت چۆنچۆنی مەرحەبای خەڵک بکات،ئەی چۆن وەڵامیان بداتەوە؟ ئەی چۆن بتوانێت پرسیارێکیان لێبکات؟
کەواتە ئێمەی مرۆڤ کەدەتوانین بەئاسانی ئەوشتانەبکەین،لەخۆڕا وامان لێنەهاتووە،بەڵکو لەزانکۆیەکی گەورەدا چەندین ساڵ خوێندومانە،بینیومانە،بەتیۆری وبەکرداری فێربووین،ئەوزانکۆ گەورەیەش خێزانە.
بەڵێ هەموومان هەرلە تەمەنی منداڵیمانەوە نەرم نەرم فێربووین، ڕاهاتووین ،کەچۆنچۆنی هەڵسوکەوت لەگەڵ دایکوباوک وخوشک و براکانمان بکەین،پاشان هاوڕێییانمان لە کۆڵان،لەگەڕەک،
لەباخچەی ساوایان،لەگەڵ میوان،خەڵکی گەڕەک،مامۆستایانی قوتابخانەو دواتر کۆمەڵگە بەگشتی،بەڵام چونکە ئەم ڕاهێنانی کۆمەڵایەتیە بەشێوەیەکی سروشتی وهەنگاوبەهەنگاو لەمنداڵیمانەوە لەگەڵماندا دێت،لەلامان ئاسان دەبێت،ئەگینا لەڕاستیدا شیاندنی کۆمەڵایەتیانەی مرۆڤ کارێکی زۆر قورسە،بۆنمونە ڕەنگە کەسێک بناسیت کە زۆر حەزی لەدابڕانە،حەزی لەگۆشەگیری یە،تاقەتی تێکەڵاویی کەسی نیە،ئەگەر سوحبەتێکیشی لەگەڵ بکەی ئەوا ئەو بەجدی وەریدەگرێت وخۆی شین و مۆردەکاتەوەو توڕەدەبێ وقەبوڵی ناکات،چونکە ئەم مرۆڤە حەساسیەتی دروستکردووە بەرانبەر بەهەموو مرۆڤێک وتەنها لەگەڵ خودی خۆیدا پەیوەندی هەیە،کەواتە ئەم هاتوچۆگەرموگوڕەی لەگەڵ یەکتریدا هەمانە،لەناو خۆی خێزانیماندا،سەردان وسەیرانی هاوبەش و بەشداریکردنی گشتیمان لەبۆنەو جەژن ویادەکاندا،لەکارووەزیفەماندا،لەبازاڕوپیشەماندا،لەگەڵ هاوڕێ ودۆست ودراوسێ وخزمانماندا،ئەمانە هەمووی بەهۆی ئەوڕۆحە کۆمەڵایەتیەوەیە کە لەمنداڵیمانەوە لەگەڵماندا گەورە بووەو بوەتە بەشێک لەکەسێتی وچالاکی ڕۆژانەمان،چێژی لێوەردەگرین،بوونایەتی خۆمانی تێدا دەردەخەین،وزەی خۆشەویستی پەخشان دەکەین،نیازی دڵەکانمان دەگۆڕینەوە،نازوڕازەکانمان بۆیەکتری باس دەکەین،هاوکاری ویارمەتی یەکتری دەدەین،کۆڵێک گرفت وکێشەی دەروونی ناخمان دەتوێنینەوە،سۆزوئەوین ئاڵوگۆڕ دەکەین،لەژیانی یەکتر بەئاگادەبین،هەموومان وەک یەک جەستەمان لێدێت،هەرشوێنێکی ئەوجەستەیە شاد بێ ئەندامەکانی تریش شادی دایاندەپۆشێت وبەپێچەوانەشەوە،کەواتە خێزان مەڵبەندێکی سروشتیی گەورەیە بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیمان،بەکاڵبوونەوەو نەمانی خێزان،پەیوەندیە کۆمەڵایەتیتکانیشمان ساردەبنەوە،دادەبڕێیین، لێک دووردەکەوینەوە،لەیەکتر بێ ئاگا دەبین،لەیەکتر مۆڕ دەبینەوە،هەرتەنها بەناخی خۆماندا دەڕۆینە خوارەوە تاوامان لێدێت خۆمان لەناوخودی خۆماندا ون دەبین وخۆمان نادۆزینەوە،نازانین ئێمە کێیین؟
چین؟
چیمان دەوێ ودەبێ چی بکەین؟
زانیمان بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین هەموومان لەقوتابخانەی خێزاندا وانەی کۆمەڵایەتی فێردەبین ودواتر خۆشمان بۆبەرەی داهاتوومان دەبینەوە بەمامۆستای کۆمەڵایەتی،ڕەنگە بەشێک لەئێمە خوێندەواریشمان نەبێ،لەگەڵ ئەوەشدا زۆرسەرکەوتووین لە خێزانداری ولایەنی گەشەکردنی کۆمەڵایەتیانەمان لەناو چوارچێوەی خێزانەکانماندا،دەبا ڕێزی خێزانەکەمان بگرین وبەکەم وبێ نرخ سەیری نەکەین،ڕێگەنەدەین هیچ کەس و لایەن وڕێکخراوێکی خۆماڵی یان بیانی کۆشکی خێزانمان بڕوخێنێ،جوانیمان لەپێکەوەبوونماندایە،
پێکەوەبوونمان لەمەڵبەند وبنکەو زانکۆی خێزانەوە فێربووین.