زاری كرمانجی – سۆران :
خانمە نووسەرێكی شاری كەركووك، رەخنەی توند لە یەكێتی دەگرێت كە هەوڵ بۆ سەرخستنی بەربژێرێكی میلیشیای بابلیونی سەر بە رەیان كلدانی “داواكراوی لیستی تیرۆری ئەمەریكا” دەدات و ئەم كارەی یەكێتیی بە “ئابڕووچوونێكی گەورە” ناوی دەبات.
ئەسرین عاسی شوانی، نوسەر و رۆژنامەنووسی سیاسیی شاری كەركووك، راگەیاند “یەكێتی خەریكە هاوشێوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كە لە پارێزگای كەركووك كردی و كورسییەكی پێشكەش بە میلیشیای بابلیون كرد، لە كاتێكدا دەبوایە ئەو كورسییە هی كریستیانە راستەقینەكانی كەركووك بێت، كەچی دووبارە دەێەوێت هەمان سیناریۆ لە دهۆكیش دووبارە بكاتەوە و كار بۆ ئەوە دەكەن كورسییەكی دهۆكیش بدەنە میلیشیای بابلیون.”
شوانی جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو تاقمەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵی سەرخستنی بەربژێرەكەیان لە دهۆك دەدات، تاقمێكی دژە كورد و كوردستانن و پێشتر لە چەندان بۆنەدا سەرۆكەكەیان و میدیاكانیان و بەكرێگراوانیان بانگەشەی ئەوەیان كردووە گوایە دهۆك شاری كورد نییە و كوردستانی نییە.“
دەشڵێت “ئەمە چ رەوشتێكی سیاسییە تۆ ناوت لە خۆت نابێت حزبێكی نیشتمانی لە كوردستان، كەچی هەوڵی سەرخستنی بەربژێری لایەنێك بدەی كە دژی كوردستانیبوونی ئەو شوێنەیە كە تێیدا هەوڵەكە دەدەیت ؟ ئەی ئەمە جاشایەتی و خۆبەبچووكبینین و خۆزەلیلكردن نییە بۆ شۆڤێنییەكان؟ ئایا بەرەی مقاوەمە ئەوەندە دەهێنێت یەكێتی ئاوا خۆی بۆیان ریسوا بكات؟،”
خانمە نووسەرەكەی كەركووك دەشڵێت “ئەم پیلانە ئابڕووچوونێكی گەورەیە، نیشانەی ئیفلاسی سیاسی و بگرە ئەخلاقیی یەكێتییە، چونكە ئەو حزبە هیچی پێ نەماوە و متمانەی بە خۆی نییە، بۆیە لە ڕێگەی ئەم جۆرە پیلانانە و بە دەستتێكەڵكردن لەگەڵ خەڵكێكی سووكی دژ بە كورد و كوردستان هەوڵی ئەوە دەدات كورسییەك كە پێویستە كورسیی كوردستان بێت، بۆ شۆڤێنییەكان ببات.”
































































