شەهلا رەشید- زاری كرمانجی :
یەكێكە لە كێشە باوەكانی خەڵك قڵیشانی ژێر پێیەكانیەتی و پێستەكە قڵیش دەبات و ناشرین دەبێت، لە خانماندا زیاترە وەك لە پیاوان، ئەگەر بێت و قڵیشانی پێ بەخێرایی چارەسەر نەكرێت، زیاتر دەكات و چارەسەركردنیشی قورستر دەبێت، چەندین هۆكار هەیە بۆ ئەوەی قڵیشانی پێ دروست ببێت لەوانە:
نیشانە سووكەكان
سەرەتا نیشانەكان بە كەمی دەردەكەون و سوووكن وەك:
-قڵیشی پێ كە بە چاو ببینرێت.
-گۆڕانی رەنگی شوێنی قڵیشی پێیەكان بۆ زەرد یاخود قاوەیی.
-ئەستووربوونی پێستی پاژنەی پێ.
نیشانە تووندەكان
ئەگەر هاتوو نیشانە سووكەكان زوو چارەسەر نەكران، دەكرێت نیشانەكان توندتر ببن:
-خوێنبەربوون لە شوێنی قڵیشەكان
-هەبوونی ئازار لە كاتی دانانی پێدا
-دروستبوونی برینی زیاتر و هەوكردنیان
هۆكارەكان:
وشكبوونەوە هۆكاری سەرەكی ئەم قڵیشانەیە، پاژنەی پێ تەواوی كێشی جەستە هەڵدەگرێت، هەر بۆیە زووتر وشك دەبنەوە كاتێك بەپێی پێویست شێدار نەبێت و وشك ببێتەوە قڵیش دەبات و دەتەقێت، ئەم وشكبوونەوەیە دەكرێت چەند هۆكارێكی هەبێت:
-شێدارنەكردنەوەی پێیەكان: ئەم هۆكارە باوترین هۆكاری قڵیشی پێیەكانە، پێستی پاژنەی پێ بڕێكی كەم لە ئارەقەڕژێنی هەیە و تایبەتمەندی كێشهاتنی نییە هەر بۆیە زیاتر وشك دەبێتەوە، دەبێت رۆژانە چەند جارێك شێداركەرەوەی لێ بدەیت بەتایبەت لە پێش خەوتن.
-بەكارهێنانی ئاوی گەرم: خۆشۆردن لە گەرماوی زۆر گەرمدا بۆ ماوەیەكی زۆر، یاخود پێیەكانت لەناو ئاوی زۆر گەرمدا دابنێیت، ئاوی گەرم چەورییە سروشتییەكانی پێ لەناو دەبات و پێستەكە وشك دەكاتەوە.
-پیسی و بەكارهێنانی سابوونی نەگونجاو: پاكڕانەگرتنی قاچەكان، نەشۆردنیان و چوونە ناو شوێنی پیس بەبێ پێڵاو، هەروەها بەكارهێنانی سابوونێك كە پێست وشك بكاتەوە، ئەم جۆرە سابوونانە وردە وردە دەبنە هۆی قڵیشی پێ.
-پێڵاوی كراوە: لەپێ كردنی پێڵاوی كراوە كە تێیدا پێیەكان دەردەكەون، كەسەكەش گۆرەوی لەپێ ناكات هۆكارێكی ترە بۆ قڵیشانی پێ، زۆر لەپێ كردنی پێڵاوی كراوە بەتایبەت لە هاویندا، وادەكات خۆر و تۆز بدات لە پێیەكان و وشك ببێتەوە و بەمەش بقڵیشێت.
-قەڵەوی: قەڵەوی و زیادی كێشی لەش پەستانێكی زۆر دەخاتە سەر چەوری ژێر پێیەكان، تێكچوونێك دروست دەكات لە پێیەكاندا و بەمەش پێستەكە زوو دەتەقێت.
-نەخۆشی: ئەگەر كەسێك نەخۆشییەكی تایبەتی هەبێت، ئەگەری قڵیشی پێی زیاتر دەبێت، وەك نەخۆشییەكانی غودە، ئەگزیما، شەكرە و كەڕووی پێست.
-كەمی ماددە خۆراكییەكان: كەمبوونەوەی ماددە خۆراكییەكانی جەستە وەك ڤیتامینەكان، ماددەی ئاسن.
-پەستان: زۆر وەستان لەسەر پێیەكان لە كاتی كاركردندا.
-پیری: پێستی ئەستوور زیاتر تووشی قڵیش دەبێتەوە، كاتێك كەسێك پیر دەبێت و پێستی ئەستوورتر دەبێت، زووتر پێیەكانی وشك دەبنەوە و دەقڵیشێت.