مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق، لە ڕێوڕەسمێكی ئاشتەوایی عەشایری دا لە بەرامبەر كوشتنی مامۆستایەك 200 حوشتر وەك خوێنبایی درا .
ڕۆژی هەینی 7ـى تشرینی دووەمی 2025، پارێزگای بەسرە شایەتی ڕێوڕەسمێكی ئاشتەوایی عەشایری بوو، كە تێیدا هۆزی ئەلبو دەراج 200 حوشتریان وەك پارەی خوێن دا بە هۆزی بەنی عامر، دوای كوشتنی مامۆستایەك لەلایەن ئەفسەرێكەوە لە كاتی لێكۆڵینەوەدا.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی ئاشتەوایی نێوان ئەو دوو عەشیرەتە، كاروانی بارهەڵگرەكانی پڕ لە حوشتر گەیشتنە میوانخانەی عەشیرەتی بەنی عامر لە باشووری بەسرە.
كێشە كۆمەڵایەتییەكە لەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە 24-1-2024 كاتێك مامۆستا حامد جەواد، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك، قوتابییەك بەهۆی ڕەفتاری نەشیاوەوە سزا دەدات، ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە كاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری سلڤادۆر لەبەردەم ماڵەكەی خۆی دەیبەن و دەبەنە بنكەی پۆلیس و لەلایەن ئەفسەری بنكەكەوە ئەشكەنجە دەدرێت و لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانلەدەستدەدات .
میدیاكان ئاماژەیان بەوەش كردووە كە تاوانبارەكە بە 7 ساڵ زیندانی سزا دراوە و ئەو ئاشتبوونەوەیە پەیوەندی بە بڕیاری دادگاوە نییە.
هاوكات یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی هۆزی بەنی عامر لە بارەی خوێنباییەكەوە دەڵێ “ئەو 200 حوشترە لەسەر ئایەتی قورئانی پیرۆزە، كە تۆڵەی خوێنی قوربانییەكە.”


































































