زاری كرمانجی – سۆران :
گوتەبێژی فەرماندەی هێزەكانی زێرەڤانی راگەیاند “تا ئێستا پرۆسەكە بە گشتیی بەبێ هیچ گرفتێك بەڕێوەچووە و فەرماندە و پێشمەرگە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك لە سەنگەرەكانی خۆیان ئامادەن بۆ دەنگدان،”
دیدەوان خورشید، گوتەبێژی فەرماندەی هێزەكانی زێرەڤانی، ئەمڕۆ یەكشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، لە لێدوانێكی سەبارەت بە وردەكارییەكانی پرۆسەی دەنگدانی هێزەكانی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت “پرۆسەی دەنگدان لە كاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە دەستی پێكردووە و بەگوێرەی خشتەیەكی دیاریكراو بەڕێوەدەچێت. ئەم خشتەیە بۆ هەموو هێزەكان داندراوە تاوەكو لە كاتی دیاریكراوی خۆیاندا دەنگ بدەن، بەمەش پابەندبوون بە نۆرەگرتن مسۆگەر دەكرێت و ڕێگری لە دروستبوونی هەر جۆرە قەرەباڵغی و گرفتێك لە بنكەكانی دەنگدان دەكرێت.”
دەشڵێت “فەرماندە و پێشمەرگە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك لە سەنگەرەكانی خۆیان ئامادەن بۆ دەنگدان، كە ئەمەش نیشانەی پابەندبوونی تەواوی هێزەكانە بە پرۆسەكەوە. تا ئێستا پرۆسەكە بە گشتیی بەبێ هیچ گرفتێك بەڕێوەچووە، بەڵام لەبەر ئەوەی هێشتا سەرەتایە، چاوەڕوان دەكرێت بزانرێت ئاخۆ هیچ كێشەیەكی تەكنیكی دێتە پێش.”
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەك ملیۆن و 313 هەزار كەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی كوردستان مافی بەشداریكردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریكردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، كە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆكن.
































































