مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلی وردەكاری پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان وەزیری جەنگیی ئەمریكا و هاوتا عێراقییەكەی ئاشكرا دەكات، كە وەزیری جەنگیی ئەمریكا هۆشداری بە هاوتا عێراقییەكەی داوە لەبەرامبەر هەر جموجۆڵێك لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە لە عێراق، وەڵامی ڕاستەوخۆیان دەبێت .
ڕۆژنامەی “زە یۆرشەلیم پۆست”ی ئیسرائیلی، وردەكاری پەیوەندییەكی نێوان پیت هێگسێس، وەزیری جەنگیی ئەمریكا و سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق بڵاو كردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت كە پیت هێگسێس هۆشداریی بە هاوتا عێراقییەكەی داوە لە بارەی هەر جموجۆڵێكی گرووپە چەكدارەكانی عێراق”وەڵامی ڕاستەوخۆ”یان دەبێت.
بە گوێڕەی زانیارییەكانی ڕۆژنامەكە، وەزیری جەنگیی ئەمریكا هۆشداری واشنتنی گەیاندووە بە عێراق لە هەر كاریگەرییەكی گرووپە چەكدارەكان لەسەر ڕێڕەوی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی، ئەوە “لە چوارچێوەی هێزەكانی ئەمریكادا دەبن بۆ هێرشكردنە سەریان و لەنێوبردنیان.”
ڕۆژنامەكە هێمای بۆ ئەوەشكردووە”ئەو نەخشە ڕێگایەی لەلایەن مارك ساڤایە نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا و وەزیری جەنگیی ئەمریكاوە داڕێژراوە، پەیوەندی بە ستراتیژی حكومەتی داهاتووەوە هەیە و لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكادا هاوتەریبە، بۆیە نابێت هیچ شتێك كاریگەری لەسەر دابنێت.”


































































