و .له عهرهبییهوه
هونهر مهحمود
ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، فەرمانی بە بەرپرسانی باڵای سەربازی و بەرگری کرد، پێشنیارەکان سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی پێشکەش بکەن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە باس لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی واشنتۆن دەکات.
پوتین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر وڵاتانی دیکە تاقیکردنەوەی لەو شێوەیە ئەنجام بدەن، ئەوا دەبێت ڕوسیا وەڵام بداتەوە.
ترەمپ لە پلاتفۆرمی سۆشیالی تروثي خۆیدا، پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەستپێدەکاتەوە، ڕوونیکردەوە کە ئامانج لێی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانە “بە یەکسانی” لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ئەمەش ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ڕووسیا.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای دەنگۆیەکی ناو ئیدارەی ترەمپە کە ئاماژە بەوە دەکات کە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ڕووسیا و چین و کۆریای باکوور پێویستن، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا سیستەمی ئەتۆمییان مۆدێرن کردووە.
تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە سەردەمی جۆرج بوشی کوڕ وەستان و بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی گشتگیری تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان (CTBT) لە ساڵی ١٩٩٦دا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قەدەغە کرا، کە واشنتۆن پەسەندی نەکردووە، لەکاتێکدا مۆسکۆ لە ساڵی ٢٠٢٣ واژۆی خۆی کشاندەوە.
فەرمانەکانی ترەمپ ئاڕاستەی وەزارەتی بەرگری دەکرێن، بەڵام لەڕاستیدا دەزگای بەرپرس لە تاقیکردنەوەکان، ئیدارەی ئاسایشی ئەتۆمی نیشتمانی (NNSA)یە، کە بەشێکە لە وەزارەتی وزە، کە سەرپەرشتی شوێنی تاقیکردنەوەی نیڤادا دەکات لە باکووری خۆرئاوای لاس ڤێگاس، کە دوا تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەمریکا لە ئەیلولی ساڵی 1992 ئەنجامدرا.


































































