ڕێبەر ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی فراوان بۆ ژمارەیەک لە ئەندام و کادرانی پارتی لە شاری هەولێر ڕایگەیاند هاووڵاتیان ئەمڕۆ لە هەر کاتێک زیاتر لەو ڕاستییە گەیشتوون کە بەهێزبوونی پارتی واتا بەهێزبوونی کوردستان.
ڕۆژی چوارشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێبەر ئەحمەد ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە ئەمانجی ڕوونکردنەوەی بایەخی بەشداریکردنی فراوانی کادران و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و خەوانەوادەکانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرخستنی زۆرترین ژمارەی کاندیدانی پارتی بۆ نوێنەرایەتیکردنی دۆزی ڕەوای کوردستان، کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی فراوانی بۆ ئەندامان و کادرانی پارتی بەڕێوە برد.
ڕێبەر ئەحمەد باسی لە بەیەخی بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا کرد بۆ داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و جەختی کردەوە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ پێداگیری لە ڕاستکردنەوەی پێشێلکارییە دەستوورییەکان بەرامبەر بە مافەکانی کوردستان و جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ماددە دەستوورییەکانی دیکە کە دەبنە هۆکاری هێنانەکایەی عێراقێکی فیدراڵ و سەقامگیر، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بە دیدی سەرۆک بارزانی و ڕێنوێنییەکانی کرد بۆ کاندیدانی پارتی کە پێویستە دوای دەرچوون ببنە نوێنەری خەڵکی بەشخوراو و داکۆکی لە مافەکانی هەموو هاووڵاتیان بکەن.
هەروەها باسی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کرد کە سەرەڕای هەموو بەربەستە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و بڕینی بودجە، توانراوە بەشێکی گرنگی کێشە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان وەکوو کارەبا و ئاوو ڕێگاو بان چارەسەر بکرێن و پڕۆژەی ستراتیژی بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە لافاو و گلدانەوەی ئاو بۆ پاڵپشتیی کشتوکاڵ و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا جێبەجێ بکرێت.
دابینکردنی ئاسایش و ئارامی و دڵنیایی بۆ هاووڵاتیان لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بووەتە هۆکاری بوژاندنەوەی ئابوری و بەرزکردنەوەی ئاستی دڵنیایی هاوڵاتیان و ئاستی متمانەیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. جەخت کرایەوە کە ئاستی ئارامی و سەقامگیری، بەرهەمی پێکەوە کارکردن و شەونخونیی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەیە لەگەڵ هەماهەنگی و چاوکراوەیی و هاوکاریی بەردەوامی هاووڵاتیان. ئەمەش هێمای بەرزی ئاستی نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی بۆ خاک و کوردستانە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوەستە لەسەر ئەوەکرا کە ئەوەی هاتووەتە دی بەرهەمی ماندووبوونی خەڵکی کوردستان و پێشڕەوایەتیی پارتی و سەرۆک بارزانیە. بۆیە هاووڵاتیان ئەمڕۆ لە هەر کاتێک زیاتر لەو ڕاستییە گەیشتوون کە بەهێزبوونی پارتی واتا بەهێزبوونی کوردستان و زیادبوونی خزمەتگوزاری و گەشەکردنی ئابووری و پتەوکردنی زیاتری ئەمنیەت و دلێربوونی زیاتری دەنگی کوردستان لە بەغدا. ڕێبەری ئەحمەد گوتیشی: “هاووڵاتیان لەم هەڵبژاردنە بە دەنگدانیان بە لیستی ٢٧٥ی پارتیمان، بۆ هەموولایەک پیشانی دەدەن کە پارتی شایەنی نوێنەرایەتیکردنی دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و سەرۆک بارزانی پارێزەری مافە ڕەواکانی ئێمەیە”.






























































