مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، هۆشداری دەدات كە ئەو بڕە یۆرانیۆمە پیتێنراوەی ئێران هەیەتی بەشی دروستكردنی ١٠ بۆمبی ئەتۆمی دەكات.
ڕافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس) دا ڕایدەگەیەنێت “تێبینی ئەوەمان كردووە كە ئێران دووبارە دەستی بە چالاكییەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم كردووەتەوە.”
دەشڵێت “بەپێی بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیارییەكان، تا ئێستا ماددەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٦٠٪ لە ئێران ماوە و كۆگا كراوە كە بەشی دروستكردنی 10 بۆمبی ئەتۆمی دەكات،”
بە گوێڕەی ئامارێكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كە ماوەی چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا بڵاوكرایەوە، ئێران خاوەنی ٤٠٠ كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە و لە ئێستادا ڕێژەی پیتاندنەكەی گەیشتووەتە ٦٠٪ .
لە ئامارەكە ئەوەش باسكراوە ئەگەر ئێران پیتاندنەكە بگەیەنێتە ڕێژەی ٩٠٪ ئەوە دەگات بە دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی.






























































