مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزیری دەرەوەی سووریا، سەبارەت بە پەیوەندییەكانی حكومەتی ڕاگوزەری سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕاگەیاند “لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات لە نزیكبوونەوەیەكی سەربازییەوە، توانیمان بچینە نێو ڕێككەوتنی هاوبەشی ۱۰ی ئادار .
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە بەشێكی قسەكانی لە پانێڵێكی كۆنفرانسی دیالۆگی مەنامەی بەحرەین تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی حكومەتی ڕاگوزەری سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و گووتی ”لە ئێستادا تێگەیشتنی زۆر هەیە لە نێوانمان بۆ چارەسەركردنی كێشەی سووریاییەكان، لە كاتێكدا پێشتر لەگەڵ هەسەدە لە نزیكبوونەوەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی،”
شەیبانی دەشڵێت “ئێستا لەگەڵ هەسەدە كۆبوونەوەی مانگانەمان هەیە و تەنیا لە مانگی ڕابردوو نزیكەی پێنج كۆبوونەوە كرا.”
وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە چارەسەركردنی كێشەكانی سووریا لە نێوان حكومەتی ڕاگوزەر و هەسەدە لە ڕێگەی دانوستاندن و ”گفتوگۆی سووری-سووری” بێت.






























































