جی ستریت، ڕێکخراوێکی لیبڕاڵی لایەنگری ئیسرائیل لە ئەمریکا، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی شەڕی دووەمی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل نەک هەر مومکینە، بەڵکو بە لەبەرچاوگرتنی ئامادەکارییەکانی هەردوولا، جەنگی داهاتوو سەختر دەبێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی نووسراو یان ئاگربەست نییە و بەردەوامیی ئارامییەکان تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بەوەی کە ئایا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت ڕێگری لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکات لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی، ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەنگە هەر هەنگاوێكی لەم چەشنە کورتخایەن بێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، “ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی تایبەتی شەڕی 12 ڕۆژە وەک یەکەم جەنگی ئێران ناودەبەن و پێیان وایە لە خولی داهاتوودا، تەرکیزی هێرشەکان بەشێوەیەکی شەڕانگێزانەتر لەسەر بەرنامەی مووشەکی و پێکهاتەی حکومەتی ئێران دەبێت.






























































