ئالان سامڕەند، خەڵکی مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی نەرویج، کە وەک یەکێک لە ئەندامانی گرووپێکی 9 کەسیی زانکۆی ئۆسلۆ لە پێشبڕکێی جیهانیی زانستی ئەندازیاریی جێنێتیک (iGEM) لە پاریس بەشدار بوو، توانی خەڵاتی یەکەم و میداڵیای زێڕینی ئەم پێشبڕکێیە بباتەوە.
ئالان سامڕەند کە خوێندکاری بەشی جێنێتیک لە زانکۆی ئۆسلۆیە بە تایبەتی لەسەر جێناتی نەخۆشییەکانی مێشک لە ناو منداڵاندا کار دەکات، جیا لە بردنەوەی میداڵیای زێڕی پێشبڕکێی iGEM، لە ناو 4500 کەسی بەشداربوودا بەربژێر بووە بۆ باشترین دیزاینی جێن.
ئەو خوێندکارە کوردە پێشتریش بە هۆی توێژینەوەیەک سەبارەت بە شێرپەنجەی مێشکی منداڵان، لە لایەن زانکۆی ئۆسلۆی نەرویجەەوە خەڵات کراوە.
پێشبڕکێی زانستیی iGEM کە پێشتر لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوە دەچوو، ئێستا ساڵێ جارێک لە پاریس بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵ لە ڕێکەوتی 28 تا 31ی کانوونی یەکەم، تیمەکانی هەموو وڵاتانی جیهان لە سێ ئاستی ماستەر، بەکالۆریۆس و لاوان هەرکام بە پێشکەشکردنی پرۆژەیەک بەشدار بوون. هەر گرووپێک دەبێ داهێنانیک پێشکەش بکات و بیسەلمێنێت بە کەڵک وەرگرتن لە ئەندازیاریی جێنێتیک ڕێگەیەکی نوێ دابین دەکات بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشەکانی پزشکی، دەرمانسازی، ئیمیۆنۆلۆژی، کەشوهەوا، کشتوکاڵ، هتد.





























































