وەرزش ـ زاری كرمانجی:
ئێوەری ئەمڕۆ شەممە لەمیانەی بەڕێوەچوونی یارییەكانی گەڕی حەوتەمی خولی یانە نایابەكانی كوردستان، شەقڵاوە پێشوازی لەیانەی سۆران دەكات.
سۆران و شەقڵاوە، لەم وەرزە بەدۆخێكی نەخوازراو تێدەپەڕن و ئەنجامەكانیان جێگەی خواستی هاندەران نین، وێڕای ئەوەی ئەنجامەكانی كوڕانی بناری سەفین باشترن.
شەقڵاوە، لە 5 یاریی خاوەنی 5 خاڵە و لەپلەی دوازدەیەمی ریزبەند دایە، سۆران لە 6 یاریی خاوەنی 5 خاڵن و لەدوا پلەی ریزبەندی خولەكە دێن.
دواین دوو یاریی نێوانیان، لەسوودی سۆران بووە، بەوەی بردنەوەیەكیان تۆماركردووە و لەیارییەكیشدا یەكسانبوونە.
ئەم یارییە دەبێتە خاڵی گۆڕانكاری بۆ یانەكەی پایتەختی شەهیدان، بۆ ئەوەی بتوانن لەناوچەی مەترسیداری دابەزین خۆیان رزگار بكەن، هاوكات شەقڵاوە شەڕی مانەوە لەپێگەی ئێستای خۆی دەكاتەوە.
گرفتێكی دیكە بۆ سۆران ئەوەیە، كە ئەم یارییە لەتواناكانی هاوگار سەعدی، بەرگریكاری یانەكە بێبەش دەبێت، بەهۆی كەڵەكەبوونی كارتەكانی.