و : هونەر مەحموود
ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت بڵاوی كردۆتەوە، ڕۆژی یەكشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، وڵاتانی خاوەن چەكی ئەتۆمی لەوان ڕووسیا و چین تۆمەتبار كرد بەوەی كە تاقیكردنەوە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەكان ئەنجام دەدەن بەبێ ئەوەی ئاشكرای بكەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی وڵاتەكەی بەدواداچوونی بۆ دەكات.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەرنامەی “60 خولەك”ی كەناڵی سی بی ئێس، كاتێك پرسیاری لەبارەی فەرمانە لەناكاوییەكەی پێنجشەممەی پێنتاگۆن بۆ دەستپێكردنەوەی تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكان لێكرا، وتی “ڕووسیا تاقیكردنەوە ئەنجامدەدات، چین تاقیكردنەوە ئەنجامدەدات، بەڵام ئەوان باسی ناكەن”.
هەروەها وتی: نامەوێت تاكە وڵات بم كە تاقیكردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام نەدات، كۆریای باكوور و پاكستانیشی خستە لیستی ئەو وڵاتانەی كە بانگەشەی ئەوە دەكات جبەخانەی ئەتۆمی خۆیان تاقی دەكەنەوە.
فەرمانی ترەمپ بۆ پنتاگۆن بۆ دەستپێكردنەوەی تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكان سەرلێشێواوی دروستكردووە، ئەوەش مانای ئەوەیە وڵاتەكە یەكەم تەقینەوەی ئەتۆمی لە ساڵی ١٩٩٢ەوە ئەنجام بدات.
سەرۆكی كۆمارییەكانی تەمەن ٧٩ ساڵ، ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕێگەی پۆستێكی سۆشیال میدیاوە ئەم ڕاگەیاندنە سەرسوڕهێنەرەی ڕاگەیاند، ئەمەش چەند خولەكێك پێش كۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆكی چین لە كۆریای باشوور.
بڕیارەكە دوای ئەوە هات كە روسیا ڕایگەیاند كە تاقیكردنەوەیەكی سەركەوتووانەی ئەنجام داوە لەسەر موشەكی نوێی ئەتۆمی بۆریڤستنیك و ژێر دەریایەكی بێ فڕۆكەوان كە توانای هەڵگرتنی چەكی ئەتۆمی هەیە.
كاتێك ڕاستەوخۆ پرسیار لە ترەمپ كرا كە ئایا پلانی هەیە ئەمریكا لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا بۆ یەكەمجار چەكی ئەتۆمی بتەقێنێتەوە، وەڵامی دایەوە: “دەڵێم ئێمە وەك وڵاتانی دیكە تاقیكردنەوەی چەكی ئەتۆمی ئەنجام دەدەین، بەڵێ.”
دەیان ساڵە جگە لە كۆریای باكوور هیچ وڵاتێك تاقیكردنەوەی ئەتۆمی ڕانەگەیاندووە.
دەیان ساڵە جگە لە كۆریای باكوور هیچ وڵاتێك تاقیكردنەوەی ئەتۆمی ڕانەگەیاندووە.
ڕووسیا و چین لە ساڵی ١٩٩٠ و ١٩٩٦ەوە تا ئێستا تاقیكردنەوەی لەو جۆرەیان ئەنجام نەداوە.
كاتێك پێشكەشكاری بەرنامەكە فشاری خستە سەر ترەمپ لەسەر بابەتی تاقیكردنەوەكان، ئەویش وەڵامی دایەوە “ئەوان باسی ئەوانتان بۆ ناكەن”.
ترەمپ لە درێژەی قسەكانیدا وتی، “ئەوە جیهانێكی گەورەیە، مەرج نییە كەس بزانێت لە كوێ تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدەن”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەوان تاقیكردنەوەكان لە قووڵایی ژێر زەویدا ئەنجامدەدەن كە خەڵك نازانن چی ڕوودەدات… تەنها هەست بە هەندێك لەرزین دەكەن”.
بەڵام وەزیری وزەی ئەمریكا ئەگەری ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی ئەتۆمی ئەمریكا لە ڕۆژی یەكشەممەدا كەمكردەوە.
كریس ڕایت لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فۆكس نیوز ڕۆژی یەكشەممە وتی: پێموایە ئەو تاقیكردنەوانەی ئێستا باسی دەكەین تاقیكردنەوەی سیستەمن. “ئەمە تەقینەوەی ئەتۆمی نین”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەمە ئەوانەن كە ئێمە پێیان دەڵێین ‘تەقینەوەی نامەترسیدار’، بۆیە هەموو بەشەكانی دیكەی چەكی ئەتۆمی تاقی دەكەیتەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بیت كە ئەندازیارییەكی دروست بۆ دەستپێكردنی تەقینەوەی ئەتۆمی دابین دەكەن”.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی ١٩٩٦ەوە واژۆكاری پەیماننامەی تۆكمەی قەدەغەكردنی تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكانە كە هەموو تەقینەوەكانی تاقیكردنەوە ئەتۆمیەكان قەدەغە دەكات، جا بۆ مەبەستی سەربازی یان مەدەنی بێت.

































































