مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی ئەمەریكا لە هەنگاوێكی مێژوویی لە گۆڕەپانی دیپلۆماسی ئەمەریكادا، كچە ئەمریكییەكی بە ڕەچەڵەك كورد بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك كاندید كرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ؛مورا نامدار؛ كچە كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی دانیشتووی ئەمەریكای بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك دیاری كرد و میدیاكانی ئەمریكاش باسیان لەوە كردووە كە ئەو هەنگاوە دەستكەوتێكە مایەی شانازییە بۆ كورد و تەواوی كۆمەڵگەی كۆچبەران، چونكە ئەوە دەسەلمێنێت كە فرە ئەندامی و كولتووری هاوبەش دەتوانن ببنە هۆی هێز و داهێنان.
نامدار بە یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی دەستەی دیپلۆماتكاری ئەمریكا دادەنرێت، چونكە پێشتر ترەمپ پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری كونسوڵگەری پێ سپاردبوو. هەروەها پۆستی سەركردایەتی لە ئاژانسی میدیای جیهانی ئەمریكا (USAGM) وەرگرتووە و وەك ڕاوێژكاری باڵا لە وەزارەتی دەرەوە لە چەندین بابەت خزمەتی كردووە، بەتایبەتی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر ئێران. نامدار لە خێزانێكی كۆچبەری كوردی ڕۆژهەڵانی كوردستان -ئێران هاتووە و لە تێكساس گەورە بووە و زمانی فارسی بە ڕەوان دەزانێت، ئەمەش باكگراوندێكی كولتووری دەگمەنی لە بازنەی بڕیاردانی ئەمەریكا پێ دەبەخشێت. ئەو بە شارەزای ئاسایشی نەتەوەیی و مافەكانی مرۆڤی نێودەوڵەتی وەسف دەكرێت. نامدار هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە یاسا و ماستەری لە كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتن و پێشتر لە زانكۆی ئۆكسفۆرد لە بەریتانیا خوێندوویەتی و ئەمڕۆ دەبێتە یەكەم ئافرەتی بە ڕەچەڵەك كوردی -ئێرانی كە پۆستێكی لەم ئاستە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وەربگرێت و لە ئێستادا وەك بەرپرسی باڵای نووسینگەی بە وەكالەت بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك كار دەكات، ئەو دەزگایەی كە سیاسەتی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كارا دەكات، لەنێویاندا دۆسیەی سووریا.
هاوكات میدیاكانی ئەمەریكی ئاشكرایان كردووە كە نامدار بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە توركیا، كار لەسەر دۆسیەی سووریا دەكات، لەبەرامبەردا مۆرگان ئۆرتاگۆس سەرپەرشتی فایلی لوبنان دەكات.

































































