سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا پۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ئاشکرای کرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا و ھەموو داواکاری و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و تەنیا ماوە بەغدا ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، جێگەی داخە لە عێراق مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و تا ئێستا وەک تاکی عێراقی تەماشای خەڵکی کوردستان ناکەن، بۆیە ئێستا مووچەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بووەتە گرفت و رێککەوتن کراوە لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ھەرێمی کوردستان نەوتی رادەست کردووە و داھاتی نانەوتی مانگانە رادەست دەکات و ھەژماری من تەواو بووە و تەنیا ماوە مووچە بدەن، بۆیە یاسای بودجەی عێراق لە سەرەتای ساڵ تا کۆتایی ساڵ پێویستە ھەموو خەڵکی عێراق سوودی لێ وەربگرن بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.
فارس عیسا نایشارێتەوە کە، کاری باشیان کردووە و فشاریان کردووە بۆ ئەوەی ئەو مووچانەی ماون ئەوانیش رەوانە بکرێن، ” پێویستە چیتر مووچە نەبێتە گرفت و مانگانە بەبێ ئەوەی گرفتی بۆ دروست بکەن رەوانەی بکەن، چونکە رێککەوتن کراوە و تەنیا ھەندێک ناکۆکی لەسەر داھاتی نانەوتی ھەیە ئەویش دەگەینە رێککەوتن، بۆیە ئێستا ئێمە خۆمان بۆ بودجەی ساڵی داھاتوو ئامادە دەکەین بەداخەوە تائێستا حکوومەتی عێراق ئامادەی نەکردووە بەھۆی ئەوەی سەرقاڵی ھەڵبژاردنن، داواکارین حکوومەتی عێراق وا نەکات مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بفەوتێت و مافیان بدەن، بۆیە ئێمە بەردەوام لەسەر خەتین بۆ ئەوەی گرفتی ھاتنی ئەو مووچانەی ماون چارەسەر بێت و ھەموو مووچەکان ئەمساڵ بدرێن.”





























































