سالار تحسین سیدۆ
لە ڕاستیدا ئەوەی ڕەسەنێتی پارتی جیادەکاتەوە لە هەموو هێزە عێراقی و هەرێمایەتییەکان، ئەوەیە کە ئەم حزبە، خاوەنی دوو (باڵ)ـی یەک (هەڵۆ)ـیە. لە سەرووی هەڕەمی حزب، جەنابی سەرۆک (مسعود بارزانی)، وەک سیمبولی کوردایەتی و نەبەردیی، نمایندەی ڕوئیا و هێز و ئیرادە و دووربینیی و لێهاتوویی هەڵۆیەکی نەبەردی سەر چیا سەرکەشەکانی کوردستان دەکات. لە سایە و سێبەری سەرۆک، دوو کارەکتەری دیكە هەن، کە شەقەی باڵی یەکێکیان، هاوشانە لەگەڵ شەقەی باڵی ئەویتر. ئەوان وەک ئەو هەڵۆیە کار دەکەن، کە ناتوانێت لەکاتی فڕین و نیشتنەوە، هێز و ڕۆڵی هیچ کام لە باڵەکانی فەرامۆش بکات، ئەوان لە سیما و ڕووخسار جیاوازن، بەڵام لە کارکردن و هەناسەدان، لە یەک سەرچاوە هەناسە وەردەگرن. پارتی تاکە حزبە کە لە پاڵ جەنابی سەرۆک، خاوەنی دوو کارێزمای بێ وێنەیە لە مانۆڕی سیاسەت و دیپلۆماسیی و سەربازیی و ئیدارەدانی وڵات، مەبەستم (کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور)ـە. کە لەژێر سێبەر، چەتر و رێنمایی مەرجەعمان سەرۆک (بارزانی)، وەک دوو سەرکردەی پڕ لە عەزیمەت و شاکاری گەورە، دوو سەرکردەی پڕ لە هەڵوێستی ئەفسووناوی و مێژوویی و دانسقە، شانیان داوەتە بەر خەباتی کوردایەتی و تێکۆشان. لێرە، دوو خاڵ دەخەمەڕوو، سەبارەت بەم دوو سەرکردە لێهاتووەی وڵات.
یەک: جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی
لە ناو حزب، لەم هەڵبژاردنە، کاک نێچیرڤان، نمایندەی هێزێک دەکات، کە هەڵگری ئەم دروشمەیە کە دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی یەک ملیۆنییە وەک چاڵێنجی سەرکردە و کارێزمایەکی لێهاتووی وڵات، لای ئەو کۆمەڵێک خاسییەتی بەرز هەن کە بریتین لە: خاوەنی هێزی نەرم لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکێک بۆ هەموو سەردەمەکان، نەرمونیان لە سیاسەت و بەهێز لە پێگە و دانوستاندن، خۆشەویستی یار و نەیار، دڵسۆزی گەنج و لاوان، کارێزماتیک و باڵوێزی ئاشتیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست …هتد.
دوو: جەنابی کاک مەسرور بارزانی
کاک مەسرور، بەوە ناسراوە کە کەسایەتییەکی ئاڵتوونیی هەیە لە ئاستی دەوڵەتمەداریی و ئیدارەدانی کوردستان، سەنگین و قسەزان، ئەمنیی و ئەمانەتدار، فریادرەسی هەرێمی کوردستان لە ساتە سەختەکانی ئابووری خراپدا، داڕێژەری سیاسەتی خودبژێوی (خودکەفایی)، بە گشتی دەوڵەتمەداری مۆدێرن و سەردەم، پیاوی پڕعەزمی سەدە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست…هتد.
ئەوەی ئەم ئەم دوو سەرکردە و کارێزمایە جیادەکاتەوە لە خەڵکی تر، ئەوەیە کە بە رابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، لە ژێر چەترێکی سێ لایەنە و کۆکەرەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، درێژەپێدەری ئایدۆلۆژیا و رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و شێخ ئەحمەدی بارزانن.
هەردووکیان لەم بانگەشەیەدا، ئەوەندە بە جوانی و سەنگینیی قسە دەکەن، کە لە قسەکانیاندا هەست بە سەنگ و ئەصاڵەت و کارێزماتیکی ماڵا بارزان دەکەین.
ئەوەندە بە لۆژیکەوە باسی پارتی و هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکەن، کە هێزی لۆژیک و لۆژیکی هێزی پارتییان پیشانی هەموو دۆست و نەیار و جیهانی ناوخۆ و دەرەوە داوە، ئەوەندە بە جوانی و لوتف شیرینی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنیان کرد، کە ئەگەر کەسێک لایەنگری پارتیش نەبێت، حەز دەکات بەوەی دەنگی بۆ پارتی بێت و پارتی بەرەو (یەک ملیۆن) دەنگ و زیاتر سەر بخات و هەواداری ئەوان بێت. لە کۆتاییدا، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە، دوو خاڵی گرنگ هەن لە خزمەتی کوردستان و حزب ئاراستەی هەردوو هەڵۆی سەر چیا سەرکەشەکانی بارزان بکەم:
یەک: رەفتاری هەندێک لە بەرپرس و بەڕێوەبەر و کاربەدەستانی سنووری دەسەڵاتی پارتی، پێویستی بە پێداچوونەوە و بەدواداچوون هەیە، پێویستە بە شێوەیەکی گونجاو و بەردەوام ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت و چاودێری توند لەسەر کاربەدەستان دابنرێت، بە جۆرێک کە پێناسەی بەرپرس (پێویستە خزمەتکاری جەماوەر و خەڵک بن).
دوو: هەموو کات، (رابردوو، ئێستا و داهاتوو) ئەوانەی لە دەوروبەری ماڵی بارزانن، پەیامی خەڵک، میللەت، جەماوەر و دڵسۆزان بە ئەمانەتەوە پێیان راناگەیەنن، ئەگەرنا پارتی و بارزانی وەک بنەماڵە و حزبی حوکمڕان، قسەی یەکەم، دەنگی یەکەم، حزبی یەک ملیۆنی و بەڵکو زیاتریش لەسەر ئاستی عێراق دەمێنێتەوە و زیاتریش دەبێت، تەنیا داواکاری ئێمەمانان لە ئێوە، ئەوەیە دەوروبەری خۆتان مرۆڤی پاک و دڵسۆز و ناخ جوان دابنێن، دەنگی پارتی دوو ئەوەندەی ئێستا زیاد دەکات و پێویستی بە هیچ بانگەشە و مارکێتینگێک ناکات، تەنیا و تەنیا دەوروبەری خۆتان خەڵکی دڵسۆز، جوان دیدە، پرۆفیشناڵی بە ئەصاڵەت وەک خۆتان دابنێن.






























































