کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕەزامەندی نیشان دا کە ئەو ماڵپەڕانەی لەلایەن سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانەوە تۆمار کراون، دەتوانن ڕووماڵی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن.
پێشتر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق داوای مۆڵەتی فەرمیی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی لەو ماڵپەڕانە کردبوو کە داوای باجی ڕووماڵکردنی هەڵبژاردنیان پێشکەش بە كۆمسیۆن كردووە. ئەمەش بووە نیگەرانی بۆ هەندێ لە میدیاكان كە تۆمار نەكراون بەوهۆیەوە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هاتە سەر خەت و کێشەکەی چارەسەر كرد.
ئێستا کۆمسیۆن پشت بە لیستی ماڵپەڕە تۆمارکراوەکانی لای سەندیکای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەبەستێت و ڕێگەیان پێدەدات ڕووماڵی هەڵبژاردن بکەن.
ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕایگەیاند: “بە هەوڵی سەندیکاکەمان، کێشەی ماڵپەڕە هەواڵییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی باجی ڕووماڵکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چارەسەر کراوە.”
بەپێی لێدوانەکە، ماڵپەڕە هەواڵییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ڕۆژنامەگەری و فەتوایەکی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان تۆمار دەکرێن. کاتێک ئەو ماڵپەڕانەی لە سەندیکا تۆمارکراون داوای باجی ڕووماڵکردنیان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، کۆمسیۆن داوای نووسراوی فەرمیی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی لێ کردن.
ئەم داواکارییە وای کرد سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی کۆمسیۆن بکات و تێیدا ڕوونی کردەوە کە ئەو ماڵپەڕانە بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان لە سەندیکا تۆمار کراون و مۆڵەتی کارکردنیان هەیە.
لە ئەنجامدا، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وەڵامێکی ئەرێنیی دایەوە و بڕیاری دا پشت بەو لیستە ببەستێت کە ناوی ماڵپەڕە تۆمارکراوەکانی لای سەندیکای تێدایە. بەمەش، ڕێگە بە هەموو ئەو ماڵپەڕانە دەدرێت کە لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمارکراون، ڕووماڵی هەڵبژاردنەکان بکەن.
نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەوەشی خستە روو کە ئەم بڕیارە ئەو میدیایانەش دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، وەک کەرکووک، موسڵ، خانەقین، شنگال و ناوچەکانی دیکە. لیستی ناوی ئەو میدیایانە لەلایەن کۆمسیۆنەوە گشتاندنی بۆ دەکرێت و دەتوانن هاوشێوەی ئەو میدیایانەی لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی عێراق تۆمار کراون، ڕووماڵی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن لە سەرانسەری عێراقدا.


































































