دوو یاریزانی ریال مەدرید بەئاشکرا ناڕەزایەتییان دژی رەفتارەکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر راگەیاندووە و بەوە تۆمەتباریان کردووە کە خۆویستە و زیاتر گرنگی بە بەرژەوەندییە کەسییەکانی دەدات و رایانگەیاندووە کە چیدی لە ڤینیسیۆس قبوڵ ناکەن دۆخی تیپەکە تێکبدات.
قەیرانێکی گەورە لەناو ریال مەدریددا هەڕەشە لە سەقامگیریی تیپەکە دەکات! کە لەوانەیە لە داهاتوودا هەڕەشە لە سەقامگیریی تیپەکە بکات، بابەتەکەش تایبەتە بە هەڵسوکەوتەکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر.
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەوەی یاریزانە بەرازیلییەکە داوای لێبوردنی لە سەرۆک و یاریزان و هاندەرانی ریال مەدرید کرد و چابی ئەلۆنسۆی راهێنەریش لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند کێشەی ڤینی کۆتاییهاتووە و هیچ سزایەکی بەسەردا ناسەپێنرێت، بەڵام هێشتا کێشەی نێوان ڤینیسیۆس و ئەلۆنسۆ کۆتایی نەهاتووە و دەڵێن “یاریزانە بەرازیلییەکە، کە بە یەکێک لە ناوە سەرەکییەکانی پێکهاتەی تیپەکە دادەنرێت، لای هەندێک لە هاوڕێکانی هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە ئەگەر چابی ئەلۆنسۆ بەردەوام بێت لە سەرکردایەتیکردنی تیپەکە”.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، قسەکانی ڤینی نیگەرانییەکی قوڵی لەناو ژووری جلگۆڕیندا دروستکردووە و هەندێک لە یاریزانانی یانەکە، بەتایبەتیش تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێز و فێدی ڤالڤێردی زۆر تووڕەن لە ڤینیسیۆس و داوای چارەسەرییەکی خێرای دۆخەکە دەکەن.
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن. کۆرتوا و ڤالڤێردی بەئاشکرا رەخنەیان لە ڤینیسیۆس گرتووە و بەوە تۆماتباریان کردووە کە کەسێکی خۆویستە و زیاتر گرنگی بە بەرژەوەندییە کەسییەکانی دەدات وەک لە تیپەکە و رایاندگەیاندووە کە چیدی ئەم دۆخە قبوڵ ناکەن.
ئەم دۆخەی نێو ژووری جلگۆڕین، ئەنجوومەنی کارگێڕیی ریال مەدریدی خستووەتە دۆخێکی سەختەوە، وێڕای ئەگەری رۆیشتنی لە هاوینی داهاتوودا بە نرخێکی کەم، یان تەنانەت رۆیشتنی بەبێ بەرامبەر لە ساڵی 2027.
ئەنجوومەنی کارگێڕیی ریال مەدرید رووبەڕووی کێشەیەکی راستەقینە بووەتەوە، چونکە دەبێت هاوسەنگییەک لەنێوان پاراستنی یاریزانێکی گرنگ لە تیپەکەدا و دڵنیابوون لەوەی کە هەماهەنگی ناوخۆیی تێکناچێت، رابگرێت.
هەرچۆنێک بێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ماوەی گرێبەستەکەی ڤینیسیۆس، پێدەچێت گرژییەکان لە ژووری جلگۆڕیندا زیاتر ببن و گوشار لەسەر یاریزانەکە لەگەڵ هەر یارییەکدا زیاتر بێت، چونکە متمانەی لەناو تیپەکەدا بەردەوام لە دابەزیندا دەبێت.






























































