مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
میدیاكانی ئیسرائیل ئاشكرایان كرد كە مۆساد و سوپای ئیسرائیل ئامادەكاری دەكەن بۆ هەر هەڕەشەیەك كە لە لایەن عێراقەوە بكرێتە سەر ئیسرائیل.
سەرچاوەیەك لە فەرماندەیی باكووری ئیسرائیل لە رێگەی ماڵپەڕی “والا”ی عیبری ئیسرائیلی، هۆشداری دا كە ئێران، باڵەكانی لە گرووپە عێراقییەكان و ژێرخانەكاندا ڕێك دەخاتەوە و دەڵێ “ئێرانییەكان خەریكی رێكخستنەوەی ژێرخانی گرووپە چەكدارە میلیشیاكانن و پڕ چەكیان دەكەن، بۆ ئەوەی بەپێی فەرمانەكان، بتوانن لە ڕێگەی ئاسمان و وشكانییەوە هێرش بكەنە سەر ئیسرائیل،”
سەرچاوەكە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە ڕایدەگەیەنێت “لە ئێستادا سوپای ئیسرائیل و مۆساد، ئامادەكاری بۆ هەر هەڕەشەیەكی عێراق دەكەن كە لە شێوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەك، یان مانۆڕی وشكانی لە ڕێگەی سنوورەكانی سووریا و ئوردنەوە بكرێتە سەر ئیسرائیل،”
هاوكات میدیاكانی ئیسرائیل لە راپۆرتەكانیدا ئاماژەیان بە سەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ عێراق و دیدارەكانی لەگەڵ گەورە فەرماندەكانی گرووپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران كردووە و پێیان وایە ئێران ئامادەكاریی بۆ هێرشەكە دەكات لە رێگەی عێراقەوە .


































































